گۆڕان دوو پۆستی تری لە حكوومەت وەرگرت

:: PM:01:14:05/07/2020 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوو پۆستی تری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرت.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، بە ئامادەبوونی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بزووتنەوەی گۆڕان دوو پۆستی تری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرت.

كامیل قەزاز بۆ بریكاری وەزارەتی كارەبا و چالاك موهەندیس بۆ بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
ئەو پۆستانەی گۆڕان وەری گرت بریتی بوون لە دیاریكردنی كامیل قەزاز بۆ بریكاری وەزارەتی كارەبا و چالاك موهەندیس بۆ بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.

ڕێوڕەسمی وەرگرتنی ئەو دوو پۆستە بە ئامادەبوونی دانای عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كە سەرۆكایەتی تیمی گۆڕان دەكات لە حكوومەت بەڕێوە چوو.

بزووتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكوومەت لەگەڵ هەریەك لە یەكێتی و پارتی بەشدارە و چەند پۆستێكی وەزیر و بریكاری وەزیری هەیە، لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لای بزووتنەوەی گۆڕانە.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو پۆستانەی لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەت دیاری كرابوون پڕ بكرێنەوە، لە مانگی ئایاردا پارتی پشكی بریكارەكانی لە وەزارەتەكانی بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوتبوون دیاری كرد.





وشە - رامیار جەواد