دابەزینی نرخی تمەن سوود بە بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت

:: PM:04:40:05/07/2020 ‌
بەشێكی بەرچاو لە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت و بەرزبوونەوەی توانای دۆلار بەرانبەر تمەن كاریگەریی بۆ سەر دابەزاندنی نرخی شتومەكی ئێرانی هەیە. بازرگانێك دەڵێ ئەگەر كۆرۆنا لە گۆڕێدا نەبووایە و پێوەندییە بازرگانییەكان ئاسایی بوونایە، سوودەكە زۆر بەرچاوتر دەبوو.

ئەمڕۆ یەكشەم بۆ دووەم رۆژی لەدوای یەك نرخی دۆلار بەرانبەر تمەنی ئێرانی ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد. هەر دۆلارێك بە 22 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێ و تمەنی ئێرانی رووی لە دابەزینە.
ئەو بازرگانانەی عێراق و هەرێمی كوردستان قازانج دەكەن كە بە تمەن شتومەكیان لە ئێران كڕیوە و پارەكەیان نەداوە
 
فەلاح ئەنوەر سەرۆكی سەنتەری بازرگانی عێراقی چینی بۆ "وشە" ئاماژەی دا، لە دابەزینی نرخی تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی زیاتر ئەو بازرگانانەی عێراق و هەرێمی كوردستان قازانج دەكەن كە بە تمەن شتومەكیان لە ئێران كڕیوە و پارەكەیان نەداوە یان پێشتر بەهۆی هاوردەی زۆر قەرزداری بازرگانانی ئێرانی بوون.

بۆ نموونە لەوانەیە بازرگانێك بە بەهای 100 ملیۆن تمەن قەرزداری كۆمپانیایەك یان فرۆشارێكی ئێرانی بێ كە بە هۆكاری جیاواز ئەم قەرزە دواكەوتووە و نەیتوانیوە حیسابەكە ساف بكەن.

سێ مانگ لەمەوبەر كە كەرەستەكان كڕاون، نرخی هەر دۆلارێك 14 هەزار تمەن بووە و بەوپێیە 100 ملیۆن تمەن دەیكردە حەوت هەزار و 142 دۆلار، بەڵام ئێستە نرخی تمەن دابەزیوە و ئەگەر بیەوێت قەرزەكە بداتەوە، ئەوا چوار هەزار و 545 دۆلار دەدات  و نزیكەی 30 وەرەقەی بۆ دەگەڕێتەوە.

بە بۆچوونی فەلاح ئەنوەر بازرگانیكردن ئێستە لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتان لەبەر رێوشوێنەكانی كۆرۆنا زۆر ئاسایی نییە و بازرگانانی ئێرانیش زیاتر بە دۆلار شتومەكەكان هاوتا دەكەن و دەفرۆشن، بۆیە بە گشتی قازانجێكی زۆر لە ئارادا نییە، بەڵام ئەگەر دۆخەكە هاوشێوەی ساڵان ئاسایی بووایە، ئەوا قازانجێكی زۆر بەر بازرگانانی هەرێمی كوردستان دەگەیشت و تەنانەت كڕیارانی هەرێمیش قازانجیان دەكرد، چونكە كاڵاكان بە نرخێكی هەرزانتر  دەستیان دەكەوت.


وشە - سلێمان تاشان