كێشەی كەمئاوی بەشێك لە گەڕەكەكانی هەولێر چارەسەر دەكرێت

:: AM:09:41:06/07/2020 ‌
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، كێشەی كەمئاوی چەند گەڕەكێكی هەولێر دەكرێت و چەند بیرێكی نوێ‌ لێ دەدرێن.
 
ئەمڕۆ دووشەم شەشی تەمووز، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كێشەی كەمئاوی لە چەند گەڕەكێكی هەولێر هەیە كە ژمارەیەك گەڕەكی ناو سەنتەری شاری هەولێرن.

ئێستە نزیكەی 15 بیر لێ دەدرێت، بەشێكیان لەناو شار و بەشێكی تریان دەكەونە دەرەوەی هەولێر
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، لە گەڕەكەكانی نالی و ٣٢ پارك و سیمی خاتووناوە و كۆمەڵگەكانی دەوروبەری شار ئەو كێشەیە هەیە، بەڵام هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی.

ڕوونی كردەوە، ئێستە نزیكەی 15 بیر لێ دەدرێت، بەشێكیان لەناو شار و بەشێكی تریان دەكەونە دەرەوەی هەولێر لە بنەسڵاوە و پیرزین و شوێنەكانی تر، بەمەش دەتوانین كێشەكە چارەسەر بكەین.

دوێنێش فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، 150 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر دابین دەكەین تا چارەسەری كێشەی كەم ئاوی بكەن لە هەولێر و دەوروبەری .



وشە - رامیار جەواد