بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 بڕیاری نوێ‌ دەرچوو

:: AM:10:10:06/07/2020 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڕیاری نوێی دەركرد و هیچ پشوویەك تاقیكردنەوەكان ناوەستێنێت.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی تەمووز، لە ئاگەدارییەكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئاگەداری قوتابیان دەكەینەوە كە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و هیچ پشوویەك تاقیكردنەوەكان دوا ناخات.

ئەگەر ڕۆژێك پشوو بێت، تاقیكردنەوە دوا ناخرێت
وەزارەتی پەروەردە ڕوونی كردووەتەوە، ئەگەر ڕۆژێك پشوو بێت، تاقیكردنەوە دوا ناخرێت و ئەنجام دەدرێت تەنیا پشووی جەژن نەبێت.

باس لەوەش كراوە، بابەتی پەروەردەی ئێزدیات و زمانی ئەدەبی كوردی تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دەدرێت و رۆژانە سەعات هەشت و 30 خولەكی بەیانی تاقیكردنەوەكان دەست پێ‌ دەكات.

ڕۆژی شەموو ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بە بڕیاری فەرمی ڕۆژی 11ـی تەمووز تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدرێت و ئەو ڕۆژە جێگیرە و ناگۆڕێت.

وەزیری پەروەردە گوتی، بەڕێنوێنی تەندروستی و بە كۆمەڵێك ڕێنوێنی بۆ مامۆستایان، تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدرێن، ژمارەی قوتابیان 144 هەزار قوتابییە و مافی بەشدارییان لە تاقیكردنەوەكان هەیە كە دابەش دەبن بەسەر دوو هەزار و 307 هۆڵ.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی پێوەندی بە وەزارەتی پەروەردە هەیە، بەهیوای سەركەوتنین، لە رۆژی هەشتی ئاب تاقیكردنەوەكان كۆتاییان دێت، پێویستە كەسوكاری قوتابیان ئاگەداری تەندروستی قوتابیان بن و سەردانەكان كەم بكەنەوە و دۆخی منداڵەكانیان لەبەرچاو بگرن.

ڕوونی كردەوە، وەزارەتی ناوخۆش بە ئەركی خۆی هەڵدەستێت كە بەهیچ شێوەیەك ڕێ نادرێت بە كۆبوونەوەی قوتابیان لە بەردەم قوتابخانەكان.



وشە - رامیار جەواد