لیستی مووچەی سبەی بڵاو كرایەوە

:: AM:10:14:06/07/2020 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی وەزارەتێك و دەزگای ئاسایش دابەش بكرێت و بەگوتەی گوتەبێژی حكوومەت، تا 15ـی تەمووز مووچەی سەرجەم شوێنەكان دابەش دەكرێت.

بەپێی خشتەی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە بڵاوی كردووەتەوە، ڕۆژی سێشەم مووچەی وەزارەتی شەهیدان و شەهیدانی هاووڵاتی و زیندانی سیاسی و دەزگای گشتی ئاسایش خەرج دەكرێت.

تا 15ـی تەمووز مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت
وەزارەتی دارایی بۆ رۆژی چوارشەم ڕای گەیاندووە، مووچەی وەزارەتی پەروەردە، دەرەوەی شار خەرج دەكرێت و ڕۆژی پێنجشەم مووچەی وەزارەتی پەروەردە، ناوشار خەرج دەكرێت.

سەرەتای ئەو هەفتەیە جووتیار عادل گوتەبێژی وەزارەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، تا 15ـی تەمووز مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوو لیستێكی فراوانی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان بڵاو بكرێتەوە.

بەهۆی ڕاگرتنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا وەك سزادانێكی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەی دارایی بوو، ئێستە هەوڵەكان بەردەوامییان هەیە تا هەولێر و بەغدا ڕێكبكەون.



وشە - رامیار جەواد