دالای لاما لە تەمەنی 85 ساڵیدا ئەلبوومێكی موزیكی بڵاو كردەوە

:: AM:10:47:06/07/2020 ‌
دالای لاما رێبەری بووزییەكانی تبت، لە 85 ساڵەی لەدایكبوونیدا ئەلبوومێكی موزیكی بڵاو كردەوە كە 11 تراك لەخۆ دەگرێت. ئەو پێی وایە موزیك دەتوانێت رۆحی مرۆڤ پاك بكاتەوە.

لە شەشی تەمووزی ساڵی 1935 دالای لاما لە بنەماڵەیەكی هەژار لە گوندێكی تبت لە دایك بووە. 15 ساڵ دواتر پیاوە ئاینییەكانی تبت گوتیان رۆحی بوودا لەگەڵ جەستەی ئەو گەنجە تێكەڵاو بووە، بۆیە دەبێ وەك چواردەیەم رێبەری رۆحی و سیاسی تبت رۆڵ بگێڕێت.

رێك لە ساڵی 1950 بوو كە چین هێرشی كردە سەر تبت و ئەو ناوچەیەی داگیر كرد. دوای نۆ ساڵ لە ئەنجامی شۆڕش و بەرخودانی تبتییەكان دالای لاما ناچار بوو تبت جێ بهێڵێت و بەرەو هیندستان بڕوات.

ئەوكات دالای لاما داوای لە خەڵك كرد لە جیاتی شەڕی چەكداری، روو لە بەرگری و خۆڕاگرییەكی ئاشتیخوازانە بكەن و بەم شێوازە مەدەنییانە درێژە بە خەباتیان بدەن.
موزیک سەرچاوەی بەختەوەری و میهرەبانییە.

بەگوێرەی دۆیچەوێلە، دالای لاما كە خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵیشی وەرگرتووە، گرنگییەكی تایبەت بە موزیك دەدات و پێی وایە سەرچاوەی بەختەوەری و میهرەبانییە.

ناوی ئەلبوومەكەی دالای لاما "دنیای دەروون"ە و بەشێك لەو موزیكانە ریشەیەكی مەزەوییان هەیە و تەنانەت لە مێدێتێشنیشدا سوودی لێ وەردەگیرێت و دەگوترێ ئارامییەكی تایبەت بە رەوان دەبەخشێت.

لەم لینکەوە دەتوانی گوێ لە بەشێکی ئەلبوومەکە بگری



وشە - سلێمان تاشان