سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان یاسای چاكسازی له خانه‌نشین و مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازه‌كانی تر كه به‌شێكه له به‌رنامه‌ی گشتگیریی چاكسازیی له چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌ت، خسته واری جێبه‌جێكردنه‌وه. چین و توێژه‌كانیش جێبه‌جێكردنی یاساكه وه‌ك رێچاره‌یه‌ك بۆ رزگاربوون له فشاره‌كانی به‌غدا هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
ھه‌ر جۆره دژایه‌تییه‌كی یاساكه خۆكوژییه‌كی سیاسییه
به‌گوێره‌ی ده‌قی یاساكه كه له 19 ماده پێكهاتووه و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ركردنی پڕۆژه‌یاساكه ئاماژه‌ی داوه، له‌پێناو رێكخستنه‌وه‌ی بواری وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی له سه‌رجه‌م بواره‌كانی "شارستانی و پێشمه‌رگایه‌تی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ"، هه‌روه‌ها ته‌رخانكراوه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رپاكردنی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له خه‌رجكردنی مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازه داراییه گشتییه‌كان و رێگرتن له سوودوه‌رگرتنی ناڕه‌وا و نایاسایی له ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌ی گشتی، له پێناو گره‌نتیی مووچه‌ی مووچه‌خۆر و خانه‌نشین و سوودمه‌ندی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تیی شایسته، ئه‌م یاسایه ده‌ركراوه.
قاره‌مان سۆزدار گه‌نجێكی دانیشتووی سۆران به "وشه"ی راگه‌یاند، یاسای چاكسازی بابه‌تێكی فراوانه، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له بڕیاره‌كانی حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان بده‌ینه‌وه، ده‌بینین به سه‌دان جار یاسا و بڕیاری جۆراوجۆر ده‌رچوون، باڵام نه‌خراونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئێسته كه باس له یاسای چاكسازی ده‌كرێت، یه‌كسه‌ر بیرمان ده‌چێته لای ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌مه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت یان نا؟ هه‌ڵبه‌ت من ئه‌مجاره هیوام پێی هه‌یه، چونكه ئه‌و لایه‌نه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی گرتووه‌ته ده‌سته‌وه ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های هه‌یه.
فه‌یسه‌ڵ سادق مامۆستای زانكۆی سۆران بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، بارودۆخی كوردستان به‌هۆی ئه‌و ڕه‌وشه خراپه دارایی و ئابوورییه‌ی هه‌موو دنیای گرتووه‌ته‌وه، به كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و له‌به‌رئه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری كوردستان داڕووخاوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهات خۆی ده‌بینێته‌وه له بازرگانی نه‌وت، ئه‌ویش له‌رێی خۆیه‌وه به‌ره‌و دابه‌زینێكی زۆر چاوه‌ڕواننه‌كراو له نرخدا ڕۆیشت، له‌م حاڵه‌ته‌دا كوردستان داهاتی دابه‌زی. خه‌رجییه‌كانیشی ڕێژه‌ی زۆری بریتی بوو له خه‌رجی به‌كاربه‌ری بێ به‌رهه‌م كه خۆی ده‌بینێته‌وه له مووچه و هاوكاری كه‌سانی پێویست، ئه‌مه‌ش واده‌كات بارگرانییه‌كی زۆر بكه‌وێته سه‌ر حكوومه‌ت، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی جێی تێبینییه كێشه‌ی گه‌وره له خه‌رجیی سه‌ر حكوومه‌تدا هه‌یه، بۆیه بڕیارێكی له جێی خۆی بوو كه حكوومه‌ت ده‌ست ببات بۆ چاكسازیی له خه‌رجییه‌كانی و كه‌مكردنه‌وه‌یان، له به‌رانبه‌ریشدا به پێچه‌وانه‌ی خه‌رجی داهات زیاد بكات و سه‌رچاوه‌ی تری داهات په‌یدا بكات و بیانخاته ژێر ركێفی خۆیه‌وه .
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ئه‌و دوو ئامانجه ده‌پێكێ، به‌مه‌ش ده‌توانرێت ئه‌و فشاره زۆره‌ی له‌سه‌ر حكوومه‌ته چ له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری و ناوخۆیی، چ له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق و چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی كه‌م ببێته‌وه، چونكه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ متمانه بۆ حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌سه‌ر ئاستی عراقیش ده‌توانرێت به ئامار و داتای باوه‌ڕپێكراو پێداگری له داواكانی خه‌ڵكی كوردستان بكات و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌توانێ پشتگیری و هاوكاری وه‌ربگرێت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه زۆر گرنگه حكوومه‌ت قۆناغ به قۆناغ به‌رنامه‌ی چاكسازی درێژه پێ بدات و خۆڕاگر بێت و زۆرترین پشتیوانی بۆ په‌یدا بكات".
وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌نجامدانی چاكسازی خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه كه دادپه‌روه‌ری دێنێته ئاراوه له‌پێناو پاراستنی مافی ھاووڵاتییان به‌گشتی و فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌تی.
"چاكسازی بۆ ئێسته‌ی كوردستان گرنگی و بایه‌خی خۆی ھه‌یه، نه‌خاسمه له‌گه‌ڵ درێژبوونی ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی داھات و درێژه‌كێشانی گفتوگۆكانی ھه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ھهڵپهسێراوهكانی نێوانیان، كه حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ به‌پیێ ده‌ستووری عێراق بگاته رێككه‌وتنێك كه ماف و شایسته ده‌ستوورییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان پارێزراوبن، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا گرنگه كار بكرێت له پێناو جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی گومرگ و ده‌روازه سنوورییه‌كان و سیستمی باج و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی تر، تا زیاتر پشت به داھاته گشتییه‌كان ببه‌ستین". وه‌یسی سه‌عید وای گوت.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، له‌وانه‌یه له داهاتوودا حكوومه‌تی فیدراڵ بابه‌تی ته‌نگژه‌ی دارایی به ده‌رفه‌تێك بزانێت بۆ فشار دروستكردن له‌سه‌ر ھه‌رێمی كوردستان كه ئه‌مه‌ش پرسێكی مه‌ترسیداره و پێویستی به ھهڵوهستهكردنه، جگه له‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی كازمی خۆیشی كاتییه، بۆیه له‌م كاته‌دا جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی داھاته گشتییه‌كان، باشترین بژارده‌یه ھه‌م بۆ چۆكدانه‌دانی ھه‌رێمی كوردستان له به‌رانبه‌ر داواكارییه‌كانی به‌غدا، ھه‌میش كه‌مكردنه‌وه‌ی گرفته‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و پشتبه‌ستن به داھاته ناوخۆییه‌كان تا گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی شیاو.
ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه، داواكارییه‌كانی به‌غدا له شاندی ھه‌رێمی كوردستان بۆ رێكه‌وتن، له‌گه‌ڵ مافه ده‌ستوورییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان ناگونجێن، له كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكار، زۆر ڕاشكاوانه مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، له گفتوگۆكانمان به‌رده‌وام ده‌بین، به‌ڵام به‌ھیچ جۆرێك سازش له‌سه‌ر ماف و شایسته داراییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان ناكه‌ین.
وه‌یسی سه‌عید پێی وایه، راسته به جێبه‌جێكردنی یاساكه زۆر كه‌س و لایه‌ن و دامه‌زراوه زیانمه‌ند ده‌بن، به‌ڵام ره‌نگه به ھه‌مووان له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، پشتگیری له پرۆسه‌كه بكه‌ین كه ھیچ رێچاره‌یه‌كی ترمان له به‌رده‌ست نییه، ئه‌وه ده‌بێته ھۆكارێك بۆ پاراستنی مافی خه‌ڵكی شایسته و ھه‌ر جۆره دژایه‌تییه‌كی یاساكه‌یش، خۆكوژییه‌كی سیاسییه و ده‌بێته مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ھه‌وڵه ده‌ده‌ن.
سۆران/ موڕشید برادۆستی