یەكێتی پۆستێكی تری لە حكوومەت وەرگرت

:: AM:11:57:06/07/2020 ‌
یەكێتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پۆستێكی تر وەردەگرێت و قوباد تاڵەبانی بە سەرپەرشتی تیمی یەكێتی لە حكوومەت، ئامادەی دەستبەكاربوونی بەرپرسەكەی یەكێتی دەبێت.

بە فەرمی چەتۆ ساڵح لە پۆستی بریكاری وەزارە‌تی ناوخۆ دەستبەكار بوو
ئەمڕۆ دووشەم شەشی تەمووز، لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئە‌نجوومە‌نی وەزیران كە سەرپەرشتی تیمی یەكێتی لە حكوومەت دەكات، بە فەرمی چەتۆ ساڵح لە پۆستی بریكاری وەزارە‌تی ناوخۆ دەستبەكار بوو.

لە ڕێوڕەسمەكەدا كە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆش ئامادە بوو، قوباد تاڵەبانی پاش پیرۆزبایی، هیوای سەركەوتنی بۆ چەتۆ ساڵح خواست لە ئەركەكەیدا و رای گەیاند، هاوئاهەنگی بەهێز لە نێوان هەموو ئەندامانی وە‌زارە‌تدا پێویستە‌ بۆ باشتر خزمە‌تكردنی هاووڵاتییان، ئەو هاوئاهەنگی و هاوكارییەش لەناو تیمی وەزارەتی ناوخۆ بە‌دی كراوە‌ و پێویستە‌ بە‌هێزتریش بكرێت.

دوێنێش بزووتنەوەی گۆڕان دوو بریكاری وەزارەتی وەرگرت لە حكوومەت كە بریتی بوون لە بریكاری وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی شارەوانی.



وشە - رامیار جەواد