تەندروستی: هیوادارین دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچێت

:: AM:10:17:09/07/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێستە مەترسی ئەوەمان هەیە سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ ببن و نەتوانرێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، هەروەها ئەو دەرمانەی ئێستە لە هەولێر دروست كراوە، هیوادارین ببێتە یارمەتیدەری باش بۆ چارەسەركردنی تووشبووان.

دەتوانێت ببێتە كەمكردنەوەی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان لە 14 رۆژی چارەسەر بۆ چوار بۆ پێنج ڕۆژ
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێستە مەترسی ئەوەمان هەیە سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ ببن و نەتوانرێت دۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، كارمەندانی تەندروستی بەوپەڕی توانایان كار دەكەن.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، ئەو دەرمانەی لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی هەولێر دروست كراوە، هیوادارین ببێتە یارمەتیدەرێكی باش بۆ تووشبووانی كۆرۆنا تا خێراتر چاك ببنەوە، هەرچەندە چارەسەرەی بنەڕەتی نییە، بەڵام دەتوانێت ببێتە كەمكردنەوەی مانەوەی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان لە 14 رۆژی چارەسەر بۆ چوار بۆ پێنج ڕۆژ.

باسی لەوەش كرد، دەرمانەكە بەڕێی ڕێنوێنییەكانی تەندروستی بەرهەم هێنراوە، بۆ وەزارەتی تەندروستی بەغدا هاتووەتە ناردن، دواتر بۆ چارەسەركردنی نەخۆش بۆ سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی چارەسەری كۆرۆنا بەكار دێت و بە نەخۆش دەدرێـت.

دوو ڕۆژ پێش ئێستە سەنتەری ئاوامێدیكا لە هەولێر ڕای گەیاند، دەرمانی فابیڤیر تایبەت بە چارەسەری كۆرۆنای بەرهەم هێناوە، ئەو دەرمانە لە ڕووسیا و چەند وڵاتێكی تر ئێستە دەدرێت بە تووشبووانی كۆرۆنا.



وشە - رامیار جەواد