خشتەی دابەشكردنی مووچەی تەواوی وەزارەتەكان راگەیەندرا

:: PM:06:56:09/07/2020 ‌

دوای ئەوەی بەهۆی تەنگژەی داراییەوە كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا بەرۆكی زۆرینەی وڵاتانی دنیای گرت لەوانە هەرێمی كوردستان، حكوومەتی هەرێم هەوڵی رژدی دا بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشكردنی لەكاتی خۆیدا، لە ماوەی ئەم هەفتەیە چەند وەزارەتێك مووچەیان وەرگرت، وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكانی راگەیاند.
كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دێت
وەك لە راگەیاندنی وەزارەتی داراییدا هاتووە، لە رۆژانی شەموو و یەكشەمی هەفتەی داهاتوو، واتە 11و 12ی تەمووز، مووچەی مانگی دووی وەزارەتەكانی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەنجوومەنی دادوەری و وەزارەتی داد و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و پلاندانان و پیشەسازی و بازرگانی و گواستنەوە و گەیاندن و دیوانی چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و دەستەكانی ژینكە و وەبەرهێنان و دەستپاكی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و دەزگای مین و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دابەش دەكرێت.

هەروەها لە رۆژی دووشەمی داهاتوو كە دەكاتە 13ی تەمووز، مووچەی وەزارەتەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار و كارەبا و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و رۆشنبیری و لاوان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، هەروەها سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران دابەش دەكرێت، بەوەیش حكوومەت وەك بەڵێنی دا تا ناوەڕاستی ئەم مانگە تەواوی مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل