ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە كە نرخی ئەمڕۆی نەوت لە ژێر كاریگەریی ئاماری بەرزبوونەوەی ژمارەی چالاكییەكان لە بیرە نەوتییەكانی ئەمەریكا دابەزی، بەڵام دواتر بەهۆی چاوەڕوانی دەستێوەردانی رێكخراوی ئۆپێك لە بازاڕی نەوت، نرخەكەی بەرز بووەوە و گەیشتە سەرووی ٥٢ دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش كاریگەریی هەبوو بۆ سەر دابەزینی نرخی نەوت لە سەعاتەكانی یەكەمی ئەمڕۆی بازاڕی نەوت، بەڵام چونكە چاوەڕێ دەكرێت ئۆپێك دەستێوەردان لە بازاری نەوتدا بكات، نرخەكەی هەڵكشا.
ئەمڕۆ نرخی نەوتی برێنت تا ٥٠ دۆلار و ٣١ سەنت دابەزی و دواتر بەرەو ٥٢ دۆلار و ١٥ سەنت بەرز بووەوە، ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە نزیكەی ٥٢ دۆلار دەفرۆشرێت.
ئەمە شازدەیەم هەفتەی لە دوای یەكە كە ژمارەی تاوەرەكانی دەرهێنانی نەوت لە ئەمەریكا روو لە هەڵكشان دەكەن.
ئەگەری بەرزبوونەوە لە رێژەی سوود لە بانكەكانی ئەمەریكا لە كۆتای ئەمساڵدا بەهای دۆلاری بۆ بەرزترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو بەرز كردووەتەوە.
بجارنە شیلدراپ لێكۆڵەری بازاڕ بۆ سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە، سعوودیە بەیاننامەیەكی لەبارەی هاوكاریكردنی بۆ دانانی سنوورێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت كردووە كە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەوەی رێگری لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكات، ئەوەیە لە بازاڕ هێشتا بڕێكی زۆری نەوت بەرهەم دێت كە سەرووی پێداویستییەكانی بازاڕە.
سەرچاوە/رۆیتەرز