ماڵپه‌ڕی "
SverigesRadio"ی سویدی له هه‌والێكدا باس دادگایی كردنی شیار عه‌لی نوێنه‌ری خۆسه‌ری دیموكراتی له باكوری سوریا له ستۆكهۆلم ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ی له‌سه‌ر ساغبووه‌ته‌وه.
ماڵپه‌ڕه‌كه نووسیویه‌تی، له ماوه‌ی ڕابردوو به ڕێككه‌وت، چوار ملیۆن كرۆنی سویدی به شیار عه‌لی گیراوه، به‌وهۆیه‌وه داواكاری گشتی ستۆكهۆلم "ئه‌ندرس گۆستافسۆن" دۆسیه‌ی له‌سه‌ر جووڵاندووه و دادگایی ده‌كرێت، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی به نوێنه‌ری خۆسه‌ری دیموكراتیش گیراوه له ئه‌ڵمانیاوه هێنراوه‌ته سوید.
ئه‌ندرس گۆستافسۆن ده‌ڵێ، ئه‌مه ده‌چێته خانه‌ی تاوانه دارایییه‌كان و سپیكردنه‌وه‌ی پاره، هێنانی ئه‌و بڕه پاره زۆره له وڵاتێكی تری ئه‌وروپاوه بۆ ناو سوید به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی و شاراوه، ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه پێوه‌ست نه‌بێ به سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌یش، هه‌ر تاوانه و به گوێره‌ی یاساكانی سوید و یه‌كێتی ئه‌وروپایش پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی یاسایه.
نزیكه‌ی چوار ملیۆن كرۆن له ماڵه‌كه‌ی گیراوه
دۆسیه‌كه‌ی شیار عه‌لی بۆ پایزی 2017 ده‌گه‌ڕێته‌وه، كاتێك پۆلیسی ستۆكهۆلم هه‌ڵیكوتایه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی له ناوچه‌ی "ناكا"ی ڕۆژهه‌ڵاتی ستۆكهۆلم و له ماڵه‌كه‌ی زیاتر له 300 هه‌زار یۆرۆ دۆزرایه‌وه، كه ده‌كاته 3.9 ملیۆن كرۆنی سویدی، كه له قاسه‌ی ژووری نووستنه‌كه‌ی هه‌ڵگیرا بوو.
دوای دۆزینه‌وه‌ی پاره‌كه و گرتنی شیار عه‌لی، ئه‌و له‌به‌رده‌م دادگه دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و پاره‌یه كۆمه‌ك و هاوكارییه و له‌لایه‌ن مانگی سووری كوردی له ئه‌ڵمانیا كۆكراوه‌ته‌وه و ڕه‌وانه‌ی لای ئه‌و كراوه له سوید، به‌ڵام پۆلیس و دادگه ئه‌و بیانووه‌یان وه‌رنه‌گرت و پاره‌كه‌یان تا ئێسته‌یش نه‌داوه‌ته‌وه و ماوه ماوه‌یش دانیشتنی دادگه له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ی به‌ڕێوه ده‌چێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شیار عه‌لی به‌رده‌وام دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی فورات پێویستیان به‌و پاره‌یه تا كۆمه‌ك و هاوكارییان پێ بگات، چونكه له دۆخێكی خراپدان.
داواكاری گشتی ده‌ڵێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه كه بابه‌ته‌كه به تاوانێكی ڕێكخراو و گه‌وره ناچێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕاستییه‌كه به‌وشێوه‌یه‌یش بێ كه تۆمه‌تبار باسی لێوه ده‌كات، ئه‌وا هه‌ر پێچه‌وانه‌ی یاسای سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌یه له سوید و دۆسیه‌كه وه‌ك هه‌وڵێك بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره هه‌ژمار ده‌كرێت.