كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ بۆ هەولێر دەردەچێت

:: AM:10:24:11/07/2020 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر كۆ ببێتەوە و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ بۆ كاروباری هاووڵاتییان دەربچێت كە تایبەت بە خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.

سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتایی بە بڕیارەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر دێت كە لە حەوتی تەمووز دەرچوون و بڕیاری بەردەوامی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان درێژ دەكرێتەوە.

بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی ناچاركردنی هاووڵاتییان دەكەین بە بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان
ئەمڕۆشەموو 11ـی تەمووز، بژار مووسا گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی ناچاركردنی هاووڵاتییان دەكەین بە بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان.

گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، تەندروستی هەولێر ڕۆژی پێنجشەم كۆبوونەوەی هەبوو و كۆمەڵێك بژاردە لەبەردەستن بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، لە كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر تاوتوێ دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر و قایمقامەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام دەدرێت، لەو كۆبوونەوەیە كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەردەچن.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی فراوان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هەولێر، ئامارەكان دەریانخست لە سەرووی 100 كەس تووش بوون، چاوەڕوانی ڕاپۆرتی تەندروستی دەكرێت بۆ بڕیاردان لەسەر هەر بڕیارێكی نوێ‌.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان و ناو بازاڕەكان و شوێنە جەنجاڵەكان، ڕەنگە بكرێتە ناچاری، هەروەها بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان بەردەوام دەبێت.


وشە - رامیار جەواد