رێكخراوی تەندروستی جیهانیی: كۆرۆنا بەمزووانە لەناو ناچێت

:: AM:10:54:11/07/2020 ‌
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بڵاوی كردەوە، رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا و ریشەكێشكردنی نەخۆشییەكە كارێكی ئاسان نییە و نابێ بەمزووانە چاوەڕوانی لەناوچوونی ڤایرۆسەكە بكرێت.

مایك رایان بەڕێوەبەری بەشی فریاكەوتنی رێكخراوەكە بۆ یەكەم جارە بە ئاشكرا ددان بەوەدا دەنێت ڤایرۆسەكە بە ئاسانی لە ناو ناچێت و سەرەڕای ئەوەی كە شەش مانگە بەربینگی دنیای گرتووە و 550 هەزار كەسی كوشتووە، بەڵام ناتوانن كاتێك بۆ كۆتایی ڤایرۆسەكە دەستنیشان بكەن.

پێشبینی كردووە شەپۆلی مەترسیدارتر لە ڤایرۆسەكە لە دنیادا بڵاو ببێتەوە
ئەو پێشبینی كردووە شەپۆلی مەترسیدارتر لە ڤایرۆسەكە لە دنیادا بڵاو ببێتەوە و تەنانەت قوربانیی زیاتریش وەربگرێت، بۆیە لەو دۆخەی ئێستەی دنیا ناكرێ قسە لە بنبڕكردنی نەخۆشییەكە بكرێت.

بەگوێرەی شەفەقنا، ئەو نموونەی هەندێك وڵاتی هێنایەوە كە توانیاین بەسەر كۆرۆنادا زاڵ بن، بەڵام ئەم زاڵبوونە كاتی بوو و دووبارە لە دەرەوە ڤایرۆسەكەیان بۆ گوازرایەوە.

بە بۆچوونی رایان هۆكاری سەرەكیی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ڤایرۆسەكە لەسەر یەك كەس نییە تا كەرەنتینی بكەیت و كۆتایی بە بڵاوبوونەوەی بهێنیت، بەڵكو كێشە لەوەدایە ڤایرۆسەكە بە كۆمەڵ بڵاو بووەتەوە و دەستنیشانكردنی تووشبووەكان كارێكی ئاسان نییە.


وشە - سلێمان تاشان