تەنیا یەك وڵات لە كڕینی نەوتی ئێران بەردەوامە

:: AM:11:13:11/07/2020 ‌
دوای ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاند، وڵاتان لە ترسی سزاكانی ئەمەریكا وازیان لە كڕینی نەوتی ئێران هێنا و تەنیا یەك وڵات بە فەرمی نەوت لە ئێران دەكڕێت.

غولامڕەزا ئەنساری جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ سیاسەتی ئابووری ئاشكرای كرد، تاكە وڵاتێك بە فەرمی لە كڕینی نەوتی ئێران بەردەوامە چینە، بۆیەش ئەم هەنگاوەی چینی بەرز نرخاند.

ئەو ئاماژەی دا ئێران نەوت بە وڵاتی تریش دەفرۆشێت، بەڵام نەك بە ئاشكرا و رێی تایبەتیی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتەكەی ساغ‌ بكاتەوە و سزاكانی ئەمەریكا پووچەڵ بكاتەوە.
لە پاڵ چین، سوپاسی رووسیاشی كرد لەوەی لە زۆر قۆناغدا پاڵپشتی لە ئێران كردووە

ئەو بەرپرسەی ئێران لە پاڵ چین، سوپاسی رووسیاشی كرد لەوەی لە زۆر قۆناغدا پاڵپشتی لە ئێران كردووە و تەنانەت هەندێك بڕیاری نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندیی ئێراندا ڤیتۆ كردووە.

بەگوێرەی سپوتنیك، جێگرەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران وەك پاساوێك و بە ئامانجی شەرعییەتدان بەو گرێبەستە 25 ساڵییەی وڵاتەكەی لەگەڵ چیندا واژووی كردووە، بۆ میدیاكانی ئێران قسەی كردووە.

پێویستە بگوترێ گرێبەستەكەی نێوان ئێران و چین كە لە كۆمەڵێك بواری سەربازی و هەواڵگری و ئابوورییە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، نیگەرانیی لێ كەوتووەتەوە و باس لەوە دەكرێ ئێران بۆ هەندێك دەستكەوت خۆی بەدەستەوە داوە و وڵاتەكەی پێشكەشی چین كردووە. هێشتا وردەكارییەكانی گرێبەستەكە بڵاو نەكراوەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان