عێراق.. قەرزی كۆمپانیاكانی مۆبایل ئاشكرا دەبێت

:: PM:04:57:11/07/2020 ‌

ئەندامێكی لیژنەی پێوەندیكردن و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق قەبارەی قەرزی كۆمپانیاكانی مۆبایل بۆ حكوومەتی عێراق ئاشكرا دەكات، دووپاتی كردەوە كە هەندێكیان هاوكار نین و باجیش نادەن.
نزیكەی ملیارێك دۆلار قەرزدارن
نەعیم عەبوودی، سەرۆكی لیژنەی پێوەندیكردن و راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، مۆڵەتی پێشووی كۆمپانیاكانی مۆبایل لە 2007 ئەنجام دراوە و 15 ساڵە بەردەوامە و ساڵی داهاتوو كۆتایی دێت، زیاتر گوتی، كۆمپانیای كۆڕەك باج بە حكوومەتی عێراق نادات و لە رووی تەناهیشەوە، هاریكاری حكوومەت ناكات.

زیاتر گوتی، هەرچی كۆمپانیای ئاسیا سێڵە، زیاتر لە 50%ی پشكەكانی هی كەسانی بیانین، بەڵام حسێبی عێراقی بۆ دەكرێت، بەوەیش باجی كەمتری لێ وەردەگیرێت كە 18%یە، قەبارەی قەرزەكانی سەر كۆمپانیاكان بریتییە لە، ئاسیا سیڵ 371 ملیار دینار و كۆڕەك 375 ملیۆن دۆلار و زەین 162 ملیار دینار، كۆی گشتی پارەكە دەكاتە نزیكەی ملیارێك دۆلار و هەندێكی 10 ساڵە پێویستە بدرێت. 

لەماوەی دواییدا مۆڵەتی كاركردنی ئەو كۆمپانیایانە نوێ كرایەوە و ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی لێ كەوتەوە، عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری عێراق گوتی، خزمەتگوزاری ئەو كۆمپانیایانە لە ساڵانی دوایی خراپ بووە و دەستەی راگەیاندن و پێوەندیكردن بەمەبەستی پەردەپۆشی پێشێلكاری و خراپی خزمەتگوزاری ئەو كۆمپانیایانە دەكات. 

سێشەمی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری نوێكردنەوەی مۆڵەتی كاركردنی كۆمپانیاكانی مۆبایلی لە عێراق دا، جیا لە ئاسانكاری بۆ دانەوەی قەرزەكانیان، لەوكاتەی بەهۆی گرانی نرخی كارتەكانی كڕینی یەكەمی قسەكردن و خراپیی خزكەتگوزاری ئینتەرنێت، لە سۆشیال میدیا داوای بایكۆتكردنی ئەو كۆمپانایایانە كرا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل