لەبارەی دەستپێكردنەوەی بۆنە و ئاهەنگەكان لە پارك ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:11:19:12/07/2020 ‌
بەرپرسێكی پاركی گەورەی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك ڕێ نادرێت بۆنە و ئاهەنگ لە پارك بەڕێوە بچێت، بەڵكو كردنەوەی پاركەكان تەنیا بۆ وەرزش و پشووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی تەمووز، عوسمان حەمە بەرپرسی ڕاگەیاندنی پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دەرگای پاركی گەورە بەڕووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە، هەر كەسێك یان خێزانێك، دەتوانن سەردانی پارك بكەن.

ئەمڕۆ دەرگای سەرجەم پارك و باخچەكان بەڕووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارك گوتی، كردنەوەی پارك بەپابەندبوون بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكانە كە بەكارهێنانی دەستەوانە و دەمامكە، هەروەها ئەمڕۆ دەرگای سەرجەم پارك و باخچەكان بەڕووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، كردنەوەی پارك لە سەعات هەشتی بەیانی تا سەعات 11ـی شەو دەبێت، بەهیچ شێوەیەك بەپێی ڕێنوێنییەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر، ڕێ نادرێت بۆنە و ئاهەنگی تێدا بەڕێوە بچێت، بەڵكو تەنیا بۆ وەرزش و هاتنی پشووی خێزانی دەبێت بۆ ئەو كەسانەی لە ماڵەوە بێزار دەبن.

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەی ڕابردوو، بڕیار درا بە داخستنی سەرجەم پاركەكانی هەولێر و ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر شەوی ڕابردوو كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد، لە یەكێك لە بڕیارەكان كردنەوەی پاركەكان بوو.

 



وشە - رامیار جەواد