بێڵ گیتس: دەوڵەمەندەكان دەرمان و پێكوتەی كۆرۆنایان قۆرخ كردووە

:: AM:11:26:12/07/2020 ‌
بێڵ گیتس ملیاردێری بەناوبانگ و دامەزرێنەری كۆمپانیای مایكرۆسۆف، لەسەر هەڵمەتی وڵاتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا هۆشداری دا و گوتی، دەرمان و پێكوتەی كۆرۆنا تەنیا دەگاتە دەستی ئەوانەی دەوڵەمەندن.

ئەو كە لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتیی لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا قسەی دەكرد، ئاماژەی دا ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن زۆرترین دەرمان و پێكوتەی كۆرۆنا بۆ خەڵكیان دابین دەكەن، بەڵام ئەو وڵاتانەی هەژارن لەو چارەسەرییانە بێبەش دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كۆرۆنا بەمزووانە لە دنیادا تەواو نەبێت و تەمەنی درێژتر بێت و خەڵكی زیاتر بەهۆیەوە ببنە قوربانی.

بە بۆچوونی گیتس دنیا پێویستی بەو رێبەرانە هەیە بتوانن دادپەروەرانە دەرمانەكە بەسەر خەڵكی دنیا دابەش بكەن نەك تەنیا بیر لە بەرژەوەندی خۆیان بكەنەوە. ئەو دەڵێت "ئەوەی لە نەخۆشیی HIV فێر بووین، ئەوەبوو دادپەروەرانە دەرمان و چارەسەرییەكان دابەش بكرێن و دەبێ بۆ كۆرۆناش هەمان شت دووبارە بكرێتەوە."

پێویستە بگوترێ بەرپرسانی ئەمەریكا پێداگرییان لەوە كردووە بۆ چارەسەریی نەخۆشیی كۆرۆنا، ئەولەوییەت بە خەڵكی خۆیان دەدەن و دواتر بیر لە وڵاتانی تر دەكەنەوە.

هاوكات كۆمسیۆنی ئەوروپا و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش، لەسەر ئەو ركابەرییەی بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان بە ئامانجی كۆتاهێنان بە سستبوونی ئابووری جیهان دەستی پێ كردووە هۆشدارییان دا.
بۆ ئەوەی خەڵكی دنیا دەستیان بە چارەسەریی رابگات، بە 10 تا 20 ملیار دۆلار پێویستە

بەگوێرەی شەفەقنا گیتس گوتوویەتی، دەبێ لە شوێنی جیاواز و لە كۆمەڵێك وڵات كارگەی بەرهەمهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا هەبێت و تەواوی خەڵكی دنیا دەستیان بە چارەسەریی رابگات، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە 10 تا 20 ملیار دۆلار هەیە.

ئەو روونی كردەوە، لە پایز و لەگەڵ ساردبوونی كەشوهەوا، دۆخەكە خراپتر دەبێت. تا ئێستە 567 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون و نزیكەی 13 ملیۆن كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.



وشە - سلێمان تاشان