ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی كه‌ركووك:له‌گه‌ڵ كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك برا ده‌ژین

:: PM:04:55:18/10/2016 ‌

هەشت ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگه‌ی كه‌ركووك له‌ كوتله‌ی ئەنجوومەنی عەرەبی كەركووك كشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و ئەنجوومەنێكی تریان بە ناوی ئه‌نجوومه‌نی عه‌ره‌بی كه‌ركووك له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك پێكهێنا و ئاماژە بەوەش دەكەن، ئەوان بەهیچ شێوەیەك دژایەتی كورد ناكەن و لەگەڵ كورد لە شارەكە بە ئاشتی سەدان ساڵە پێكەوە دەژین.

شێخ ئیسماعیل حەدیدی جێگری ئەنجوومەنی عەرەبی كەركووك بۆ "وشە" گوتی، ئەو هەشت ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك لە ئەنجوومەنی عەرەبی  كشاینەوە، ئەنجوومەنێكمان پێكهێناوە بەناوی ئەنجوومەنی عەرەبی كەركووك، لە نێو ئەنجوومەنی پارێزگا كە پێنجیان پیاو و سێ تریشیان ئافرەتن.

هەروەها گوتی، ئەم ئەنجوومەنە نوێیە لە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بەشێوازێكی تر مامەڵە و كار دەكات، راكان جبووری سەرۆكی ئەنجوومەنەكەیە كە هاوكات جێگری پارێزگاری كەركووكە و منیش وەك جێگری ئەنجوومەنەكە دەستنیشان كراوم.

هەروەها گوتی، دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە، سیاسەتی راستەقینەی كورد بەرامبەر بە عەرەبە ڕەسەنەكانی كەركووك ڕوون بووەوە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك دژایەتی كورد ناكەین و جارێكی تر ئەو سیاسەتە پەیڕەو ناكەین كە پێشتر كاری لەسەر دەكرا.

ئاماژەی دا، ئێمە لەگەڵ كورد برای راستەقینەی یەكترین لە شارەكە، ئەگەر دوای ڕاوەدوونانی داعش و دەركردنیان لە عێراق، بە ڕاپرسی كەركووك بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین و وەك برا لە نێو شاری كەركووك و لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان دەژین.

رۆژی 13 حوزەیران/یۆنیۆی 2016 رێكخراو و لایەنە سیاسی و هۆزە عەرەبییەكانی كەركووك، ئەنجوومەنی عەرەبیان لە پارێزگای كەركووك راگەیاند و خۆیان وەك مەرجەعی عەرەبەكانی كەركووك ناو برد، ئێستە هەشت ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك كە پێشتر له‌نێو ئه‌نجوومه‌نی سیاسی عه‌ره‌بی كه‌ركووك بوون ده‌ستیان كێشاوه‌ته‌وه‌ و خۆیان وه‌ك كوتله‌یه‌كی جیاواز له‌ نێو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ڕاگه‌یاند.

هۆكاری كشانەوەشیان بۆ بەكارهێنانی ئەنجوومەنەكە بۆ بەرژەوەندی كەسی و ئەجێندای سیاسی دژ بە بەرژەوەندییەكانی عەرەبی شارەكە گەڕاندەوە.

ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 41 ئەندام پێكهاتووە و پارێزگای كەركووك یەكێكە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و بەپێی دەستووری عێراق لە رێی مادەی 140ەوە چارەسەر بۆ یەكلاكردنەوەی داهاتووی شارەكە دانراوە.

كەركووك/زانیار داقووقی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د