لە ئاماری كۆرۆنا بەمزووانە عێراق پێش چین دەكەوێتەوە

:: PM:04:59:12/07/2020 ‌
چین لە پلەی 23ی وڵاتانی دنیا دێت بۆ ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا، پێشبینی دەكرێ بەمزووانە عێراق و سوید و چەند وڵاتێكی تریش پێش چین بكەونەوە.

چین كە بەسەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەناسرێت، ژمارەی دانیشتووانی ملیارێك و 439 ملیۆن كەسە، سەردەمێك زۆرترین ژمارەی نەخۆشیی كۆرۆنای هەبوو و وڵاتان لە دوورەوە لە دۆخی چینیان دەڕوانی. بەڵام ئێستە دەیان وڵات لە ژمارەی تووشبووان پێش چین كەوتوونەتەوە  و هەندێكیان ژمارەی دانیشتووانیان كەمتر 1%ی دانیشتووانی چینە.

بەگوێرەی WORLDOMETERS  ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە چین گەیشتووەتە 83 هەزار و 600 كەس كە لەو ژمارەیە چوار هەزار و 634 كەسیان مردوون.

چین كاتێك ژمارەی تووشبووانی لە 80 هەزار كەس تێپەڕی كرد، تازە وڵاتان حاڵەتی یەكەمی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تۆمار دەكرد. چین هەر نزیكە لەو ژمارەیە، كەچی هەندێك وڵاتی وەك ئەمەریكا بە ملیۆنان كەسیان تووشی كۆرۆنا بووە.

چین لە 23ی ریزبەندی تووشبووانی كۆرۆنا هەڵكەوتووە و ئەم مانگە هەریەك لە ئەرجەنتین و قەتەر و كەنەدا پێش چین كەوتنەوە و چاوەڕوان دەكرێ لە چەند رۆژی داهاتوودا میسر و ئەندەنووسیا و عێراق و سویدیش پێشی بكەونەوە.

لە عێراق 75 هەزار كەس و لە سویدیش سەرووی 74 هەزار كەس تووشی كۆرۆنا بوون. ژمارەی دانیشتووانی سوید كەمتر 1% دانیشتووانی چینە.

ئەمەریكا بە سێ ملیۆن و 355 هەزار كەس  و بەرازیل بە یەك ملیۆن و 840 هەزار كەس و هیندستان بە 851 هەزار تووشبوو لە پلەكانی یەك تا سێ دێن.
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 12 ملیۆن و 866 هەزار كەس

ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتووەتە 12 ملیۆن و 866 هەزار كەس و 568 هەزار نەخۆشیش بە كۆرۆنا مردوون.


وشە - سلێمان تاشان