حكوومەتی عێراق قەرەبووی كەسوكاری قوربانیانی خۆپێشاندانەكان دەكاتەوە

:: PM:07:09:12/07/2020 ‌

خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بەوە جیا كرایەوە كە لەلایەن گەنجانی ناڕازی شیعە بەرانبەر بە هێزە سیاسییەكانیان سەری هەڵدا، ئەوان نەیانتوانی سیفەتی تیرۆریان بدەنە پاڵ، بۆیە ناراستەوخۆ بەناوی لایەنی سێیەم سەركوتیان كردن، حكوومەتی مستەفا كازمی، بەنیازە قەرەبووی كەسوكاریان بكاتەوە.
ماڵباتی زیاتر لە 600 خۆپێشاندەری كوژراو قەرەبوو دەكرێنەوە
سەرچاوەیەكی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە لیژنەیەكی تایبەت بە قوربانیانی خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019 بە سەرۆكایەتی هیشام داوود، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئامادەكردنی لیستی ناوی شەهیدانی ئەو خۆپێشاندانانە كۆتایی هاتووە.

زیاتر گوتی، لیژنەكە دوای ئەوە ئەو لیستانە رادەستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكات بۆ دەركردنی بڕیار و رێنوێنی بۆ وەزارەتی دارایی بۆ تەرخانكردنی بڕێك پارە و رێزلێنانی ماڵباتی ئەو خۆپێشاندەرانە كە لە خۆپێشاندانەكانی كۆتایی ساڵی رابردوو بوونە قوربانی، دووپاتی كردەوە، زیاتر لە 600 ماڵباتی شەهیدان هەن كە لەلایەن حكوومەتەوە رێزیان لێ دەنرێت.  

شایەنی باسە حكوومەتی مستەفا كازمی، دوای لادانی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی و ناچاركردنی بۆ دەستلەكاركێشانەوە بە گوشاری خۆپێشاندەران هاتە دەسەڵات، ئەو مانگی رابردوو چاوی بە ژمارەیەك كەسوكاری قوربانیانی خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەم كەوت و بەڵێتی لێپرسینەوەی لە بكوژانی رۆڵەكانیان دا.   

لەوكاتەی كازمی ئاماژەی بۆ دامەزراندنی تیمێكی سەربەخۆ بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی ئەوكات كرد، ئەوان لیستێكیان بەناوی شەهیدان و یەكێك بەناوی برینداران ئامادە كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاریان، تا ئێستە ئامارێكی وردی قوربانیانی ئەو رووداوانە نییە، چونكە حكوومەتی ئەوكات قەدەغەی راگەیاندنی ژمارەی قوربانیانی كردبوو، سەرچاوەكان باس زیاتر لە 600 كوژرا و 20 هەزار بریندار و پێنج هەزار پەككەوتە و سەتان گیراو و رفێنراو دەكەن.
  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل