پەرلەمانتارێك: وادەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دیار نییە

:: PM:10:28:12/07/2020 ‌

پەرلەمانی عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆناوە ناتوانێت كۆ ببێتەوە، لەوكاتەی پەرلەمانتارێكی شیعە ئاماژە دەكات كە سەرۆكایەتی پەرلەمان رۆژێك لەم هەفتەیە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری دەكات، پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە دەكات كە ئەوەی هەیە داواكارییە و دیار نییە پەرلەمان كەی دانیشتن ساز دەكات.
كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان بەردەوامن
شێروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی هەیە چەند داواكارییەكە بۆ سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان و واژوو كۆ كراوەتەوە بۆ ئەو مەبەستە، ئەوان داوای دانشتن بۆ چەند بابەتێك دەكەن، بۆ نموونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كارەكانی حكوومەت لەوبارەوە، هەروەها مووچە فەرمانبەر و خانەنشینان.

زیاتر گوتی، چەند پرسێكی تر هەن وەك لێكۆڵینەوە لە نوێكردنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكانی مۆبایل، بۆیە داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە بۆ سازكردنی دانیشتن، بەڵام دیار نییە دانیشتنەكان كەی دەست پێ دەكاتەوە، دانیشتنەكان ئاسایی دەبن، یان لە رێگەی بازنەی داخراوی تەلەڤزیۆنییەوە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، لەو دۆخەی ئێستە كە دانیشتن نییە، مانای وا ناگەیەنێت پەرلەمانتار دانیشتوون و كار ناكەن وەك چاودێر بۆ كارەكانی حكوومەت، كۆبوونەوەی لیژنەكانی پەرلەمان بەردەوامن، شانەی تەنگژەی پەرلەمان لە كارەكانی بەردەوامە، بەڵام كێشەكە ئەوەی لە بەغدا بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زۆرە و بەشێك لە پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرەلمان تووشی بووینە، ئەوە وای كردووە دانیشتنی ئاسایی زەحمەت بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل