ئاماری كۆرۆنا 13 ملیۆن كەسی تێپەڕاند

:: AM:10:10:13/07/2020 ‌
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە دنیادا گەیشتە سەرووی 13 ملیۆن كەس و سەرەڕای ئەوەی كە شەش مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تێدەپەڕێت، هێشتا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت و رۆژ بە رۆژ ئامارەكە هەڵدەكشێت.

بەگوێرەی worldometers لەو 13 ملیۆن و 41 هەزار كەسەی تووشی كۆرۆنا بوون، 571 هەزار و 647 كەس گیانیان لە دەست داوە و حەوت ملیۆن و 588 هەزاریش چاك بوونەتەوە.

هەرچەندە رێژەی مردن بە راورد بە مانگەكانی پێشتر دابەزیوە، بەڵام رێژەی تووشبوون لە هەڵكشاندایە. زۆرترین ژمارە كە لە رۆژێكدا تۆمار كرابێت، لە 10 ی تەمووز رووی دا كە سەرووی 236 هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون. دوێنێ كەمتر لە 200 هەزار كەس تووش بووبوون.

ژمارەی مردن بە هۆی كۆرۆنا لە نێوان چوار تا پێنج هەزار كەسدایە و زۆرترین ژمارەی مردن كە لە رۆژێكدا تۆمار كرابێت، بۆ 17 نیسان دەگەڕێتەوە كە هەشت هەزار و 485 كەس لە رۆژێكدا گیانیان لە دەست دا.

ئەمەریكا بە سێ ملیۆن و 413 هەزار و 995 تووشبوو و 137 هەزار قوربانی بە پلەی یەكەم دێت. بەرازیل، هیندستان، رووسیا لە پلەكانی دواتردا هەڵكەوتوون.

لە عێراق 77 هەزار و 500 كەس تووشی كۆرۆنا بوون
لە عێراق 77 هەزار و 500 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و سێ هەزار و 150 كەسیش گیانیان لە دەست داوە. 

لە هەرێمی كوردستان نۆ هەزار و 455 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 326 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.



وشە - سلێمان تاشان