سێ‌ ڕۆژ پشوو لەم مانگەدا ڕاگەیەنرا

:: AM:10:14:13/07/2020 ‌
بەپێی ئەو خشتەیەی پشوو كە لە سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشووەكان دیاری كراوە، سبەی لە سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان پشووە و ڕۆژانی كۆتایی مانگیش پشوو دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تەمووز، بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" و بەپێی ئەو خشتەیەی كە لە ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە تایبەتە بە سەرجەم پشووەكانی ساڵی 2020 بڵاو كراوەتەوە، رۆژی سێشەم (14 تەمووز) بەیادی رۆژی دامەزراندنی كۆماری عێراق، پشووی فەرمی دەبێت.

كۆتایی ڕۆژەكانی ئەم مانگە 30 و 31ـی تەمووز بەهۆی جەژنی قوربان لە هەرێمی كوردستان پشوو دەبێت
لە خشتەی پشووەكاندا هاتووە، كۆتایی ڕۆژەكانی ئەم مانگە 30 و 31ـی تەمووز بەهۆی جەژنی قوربان لە هەرێمی كوردستان پشوو دەبێت.

ڕۆژی 30ـی تەمووز بەپێی پێشبینییەكانی مانگژمێری كۆچی، پێشبینی یەكەمین ڕۆژی جەژنی قوربان كراوە كە چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی 31ـی تەمووز ڕۆژی ئەنفالی بارزانییەكانە بە دەستی ڕژێمی بەعس هەشت هەزار بارزانی بێسەروشوێن كران.

بەڕێوەبەرایەتی ئەزموونەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەش لە بارەی پشووی سبەی ڕوونی كردووەتەوە، پشووەكە تاقیكردنەوەكان ناگرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد