بەهۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و سستبوونی چەرخی پیشەسازیی دنیا، رێژەی داخوازی لەسەر نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵ 16% پاشەكشەی كردووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە نوێترین راپۆرتی مانگانەیدا ئاماژەی داوە، قەبارەی داخوازی كڕینی نەوت 16 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل كەمی كردووە كە بە رێژە دەكاتە سەرووی 16%.
وەك لە راپۆرتەكەدا باس كراوە و هەر لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵدا، وڵاتان 14 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوتیان كەم كردووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی كە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ وڵاتانی ئۆپێك پڵاس بڕیاریان دا نۆ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە، هێشتا بەرهەمهێنان لە سەرووی داخوازییە، بۆیەش پێویست دەكات وڵاتان بەرهەمهێنان زیاتر كەم بكەنەوە و لانی كەم لە رێككەوتنەكەیان بەردەوام بن.
بڕیارە لە 15ی ئەم مانگە دووبارە كۆبوونەوەی نێوان وڵاتانی ئۆپێك پڵاس بەڕێوە بچێت و لەو كۆبوونەوەیەشدا بڕیاری گرنگ لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دەردەچێت.
بەگوێرەی
رادیۆفەردا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە باسی لەوە كردووە كە لە مانگی رابردوودا وڵاتان 8% لە سەرووی ئەو بەرپرسیارێتییەی بۆ كەمكردنەوەی هەناردەی نەوت خرابووە ئەستۆیان، بەرهەمهێنانیان كەم كردووەتەوە.
داخوازی رۆژانەی نەوت لە دنیادا بەراورد بە ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل كەم دەكات
بە گشتی داخوازی رۆژانەی نەوت لە دنیادا بەراورد بە ساڵی رابردوو حەوت ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل كەم دەكات و بۆ 92 ملیۆن و 100 هەزار دادەبەزێت.