رێژەی بێكاری لە ناو گەنجانی 15 تا 25 ساڵی ئێران 25%ە

:: PM:12:05:13/07/2020 ‌
ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین راپۆرتی خۆی لەبارەی رێژەی بێكاری بڵاو كردەوە و بە گوێرەی راپۆرتەكەش، رێژەی بێكاری لە ناو گەنجانی 15  تا 25 ساڵی ئێران 25%ە.

ئەو رێژەیەی راگەیەنراوە هی وەرزی بەهارە و بەپێی راپۆرتەكە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بێكاری 2%  كەمی كردووە.

ئەم ئامارە دەریدەخات لە كۆی ئەو كەسانەی لە ئێران توانای كاركردنیان هەیە، نزیكەی 10% یان بێكارن و بەپێی راپۆرتەكە، بەراورد بە ساڵی رابردوو سەرووی 1% دابەزیوە.

لە ئێران زۆرترین هەلی كار لە كەرتی خزمەتگوزاریدا دابین كراوە و رێژەكەی دەگاتە نزیكەی 50%. بەشی پیشەسازی نزیكەی 32% و كەرتی كشتوكاڵیش نزیكەی 19%ی پێ بڕاوە.

هاوكات توێژینەوەكە لەسەر ئەو كەسانەش كراوە كە تەمەنیان لە نێوان 18 تا 35 ساڵدایە و دەركەوتووە رێژەی بێكاری لەناو ئەو توێژە دەگاتە نزیكەی 17% ، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 1.5% كەمی كردووە.

بەگوێرەی مێهرنیوز، نزیكەی 8%ی ئەو كەسانەی كارێكیان هەیە بە هۆكاری جیاوازی ئابووری و هتد، لە هەفتەیەكدا كەمتر لە 44 سەعات كاریان دەست كەوتووە و بەردەوام ئامادەی ئەوە بوون كارێكی تر بكەن.

لە ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا دۆخی بێكاری خراپتر بووە
لە ئێران بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا دۆخی بێكاری خراپتر بووە، گومان دەكرێ حكوومەتی ئێران بە وردی ئامارەكان ئاشكرا نەكات و كەمتر لە رێژەی راستەقینە بخاتەڕوو، ئەگەرنا دۆخەكە زۆر لەوە خراپترە باس دەكرێت.


وشە - سلێمان تاشان