كۆسره‌ت ره‌سووڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له دۆخی متبووندایه و به‌ته‌واوی له ئیداره‌دانی ئێسته‌ی حزبه‌كه نیگه‌رانه. به‌ڵام تا ئێسته به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ی ده‌رنه‌بڕیوه و پێشبینی ده‌كرێ ناڕه‌زاییه‌كانی ئه‌و سه‌ره‌تایه‌كی تری كێشه‌ی ناو یه‌كێتی بێت.
له قۆناغی نوێ‌دا ململانێیه‌كان بوون به‌شه‌ڕی خێزانی و گرووپ
دوای مردنی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سووڵ ململانێیه‌كانی له‌ناو یه‌كێتی چووه قۆناغێكی تر، هه‌رچه‌نده له پێشوودا باڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سووڵ به ئاشكرا هه‌بوون، به‌ڵام له قۆناغی نوێ‌دا ململانێیه‌كان بوون به‌شه‌ڕی خێزانی و گرووپ.
كۆسره‌ت ره‌سووڵ تا كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به براوه‌ی ململانێیه‌كان داده‌نرا، به‌ڵام له دوای كۆنگره‌وه و داتاشینی پۆستێك بۆی كه تا ئێسته هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه، به‌ته‌واوی له ململانێیه‌كان خرایه ده‌ره‌وه.
بافڵ بۆمبى كوڕه‌كانى شێخ جه‌نگى دژى كۆسره‌ت ره‌سووڵ پووچه‌ڵ كرده‌وه
له ماوه‌ی ڕابردوودا پلانی زۆر بۆ كۆسره‌ت ره‌سووڵ له‌لایه‌ن كوڕانی شێخ جه‌نگی و تاڵه‌بانییه‌وه دانراون، به‌ڵام بافڵ تاڵه‌بانی به ئاستێكی زۆرتر له كۆسره‌ت ره‌سووڵ نزیك بووه‌ته‌وه و ئه‌وه‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه كه پیلانه‌كانی كوڕانی شێخ جه‌نگی دژی كۆسره‌ت ره‌سووڵ سه‌رنه‌گرێ.
له دوای كۆنگره‌ی یه‌كێتییه‌وه كۆسره‌ت ره‌سووڵ كرا به سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه تا ئێسته هیچ ده‌سه‌ڵات و پێڕه‌وێكی بۆ دیار نه‌كراوه. سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هه‌رجاره و به بیانوویه‌ك ئه‌و پرسه دوا ده‌خات، له‌كاتێكدا به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان گرووپ و باڵه‌كانی یه‌كێتی، ده‌بوو ده‌سه‌ڵاته‌كانی كۆسره‌ت ره‌سووڵ له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كلا بكرێته‌وه.
كوڕانی كۆسره‌ت ره‌سووڵ ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیان و به‌هێزكردنه‌وه‌ی خۆیانن، ئه‌وه‌نده نه‌چوونه‌ته ناو ململانێیه‌كان
كۆسره‌ت ره‌سووڵ جیا له‌وه‌ی ئێسته خۆی له‌ناو گه‌رمه‌ی ململانێیه‌كانی یه‌كێتیدایه و یه‌كێتییه‌كانی هه‌ولێر پاڵپشتی ده‌كه‌ن، هاوكات هه‌ریه‌كه له ده‌رباز و شاڵاوی كوڕی خاوه‌نی پله‌ی به‌رزی حزبین، به‌ڵام شاره‌زایان ده‌ڵێن، كوڕانی كۆسره‌ت ره‌سووڵ ئه‌وه‌نده‌ی به‌دوای پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیان و به‌هێزكردنه‌وه‌ی خۆیانن، ئه‌وه‌نده نه‌چوونه‌ته ناو ململانێیه‌كان كه ئه‌وه‌یش ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕوون نییه قازانج یان زیانیان بۆ ده‌هێنێ.
به‌كارهێنانی پاره و میدیا و ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كێتی له‌لایه‌ن لاهوور جه‌نگییه‌وه، كۆسره‌ت ره‌سووڵی به ته‌واوی هه‌راسان كردووه، ئێسته سه‌ره‌تایه‌كی نوێی ململانێیه‌كان ده‌ستی پێ كردووه كه گومان ده‌كرێ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نزیك بێ و پرووشكیشی به‌رزتر بێ له‌و ئاگرانه‌ی پێشتر له‌ناو یه‌كێتی هه‌بوون، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می باڵی تاڵه‌بانی و كۆسره‌ت ره‌سووڵدا.
گڕوتینی كێشه و ململانێیه‌كانی ئێسته به‌جۆرێكه كه هه‌رزه‌یه‌كی سیاسیی به‌بێ حیسابكردن بۆ هه‌ر كه‌سێك، ئاماده‌یه هه‌موو شتێك له‌پێناو خۆی تێك بدات. وه‌ك ئه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسیی ده‌ڵێن، ململانێكردن له‌گه‌ڵ لاهوور جه‌نگی دۆخێكی ناله‌باتر دروست ده‌كات به‌تایبه‌ت كاتێك گه‌مه‌یه‌كی هه‌رزه‌كارانه له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات و ده‌یان كه‌سی دێرینی ناو یه‌كێتی شه‌رمه‌زار ده‌كات.
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دووپات ده‌كاته‌وه كه هێشتا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه دیار نییه كه كۆسره‌ت ره‌سووڵ و چه‌ند كه‌سێكی تر پێكیان هێناوه.
مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، پێویسته له كۆسره‌ت ره‌سووڵ و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه خۆیان بپرسرێ كه ده‌سه‌ڵاته‌كانیان چییه، "چونكه ئێمه ئاگه‌دار نین".
ڕوونیشی كرده‌وه، هێشتا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی بۆ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه.
كۆسره‌ت ره‌سووڵ بیر له سه‌ركه‌وتن له ململانێیه‌كی نوێ و قۆناغێكی نوێی ناو یه‌كێتی ده‌كاته‌وه
"وشه" له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرسی یه‌كێـتییه‌وه زانیویه‌تی، ئێسته ململانێیه‌كانی نێوان كۆسره‌ت ره‌سووڵ و لاهوور جه‌نگی و براكانی له لێواری ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه. ئه‌و پێی وایه هاوشێوه‌ی كێشه‌كانی ڕابردووی ناو یه‌كێتی نییه و ئه‌مجاره كێشه‌كان زۆر گه‌وره‌تر ده‌بن، به‌تایبه‌ت كه پرسی هێز له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه.
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه بۆچی كۆسره‌ت ره‌سووڵ له دۆخی متبووندایه؟، ئه‌وه‌یه كه بیر له سه‌ركه‌وتن له ململانێیه‌كی نوێ و قۆناغێكی نوێی ناو یه‌كێتی ده‌كاته‌وه، چونكه وه‌ك كه‌سه نزیكه‌كانی ده‌ڵێن، كۆسره‌ت ره‌سووڵ نایه‌وێ بكه‌وێته ململانێیه‌كی هه‌میشه‌یی وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشوو له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی هه‌یبوو، به‌ڵكو به‌یه‌ك جار ده‌یه‌وێ كێشه و هه‌راسانییه‌كانی به‌كۆتا بهێنێ.