"14ی تەمووزی 1958 نەمانی دیكتاتۆریەتی دەرەبەگایەتی بەرەو سەردەمی كودەتاكان"

:: PM:09:27:13/07/2020 ‌

سبەی 14ی تەمووز 62مین ساڵوەگەڕی دامەزراندتی سیستمی فەرمانڕەوایی كۆماری و رووخانی رژێمی شاهانەیە لە عێراق، ئەو رژێمەی لە 23ب ئابی 1921 دامەزرا و لە 14ی تەمووزی 1958 رووخا، نووسەر و توێژەر و مێژوونووسێكی عێراقی تیشك دەخاتە سەر هەرسێ قۆناغی فەرمانڕەوایی عێراق.
دوای 3003 چیڕۆكێكی بەئازارە و لە لاپەڕەی كتێبەكان جێگەی نابێتەوە
د فایز خەفاجی، لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، سەبارەت بە سەردەمی فەرمانڕەوایی شاهانە لە عێراق، كە لە 23ی ئابی 1921 دەستی پێ كرد و تا 14ی تەمووزی 1958 بەردەوام بوو، چەندان دەستكەوت لەو ماوەیە هەبوون، دەكرێ بڵێین دەستوور لەو سەردەمە هاتە دامەزراندن، یاسای باری شارستانی و سوپای عێراق و مافەكان درایە زۆر كەس، دامەزراوەكانی فێركردن لەو سەردەمە دامەزران و چەندان زانا و توێژەر لەو سەردەمە دەركەوتن.

زیاتر گوتی، سەردەمی شاهانە لە عێراق وڵاتێكی وێرانەی لە عوسمانییەكان وەرگرت، لەو سەردەمە چەند كارێكی توندوتیژی هەبوو وەك لە باكور، واتە شۆڕشی شێخ ئەحمەدی بارزانی و مەلا مستەفای بارزانی، هەروەها لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەوەی لەو سەردەمە وەك خاڵێكی زەقی نەرێنی دەردەكەوێ باڵادەستی و دیكتاتۆریەتی دەرەبەگایەتییە، هەروەها چەند كەسێكی كەم فەرمانڕەوایەتیان كرد، وەك نووری سەعید، كە 14 جار سەرۆكایەتی وەزیرانی وەرگرتووە، لەلایەكی تر سیستمی سیاسی جۆرێك چەقبەستوویی پێوە دیار بوو، جیا لە سەركوتكردنی حزبی شیوعی و بزاوی چەپ لە عێراق و لەسێدارەدانی دامەزرێنەرانی حزبەكە.

هەرچی سەردەمی كۆمارییە لە عێراق زیاتر بایەخی بە لایەنی سەربازی داوە، لە سایەی نەبوونی رۆڵی راستەقینەی پەرلەمان، ئەگەر هەشبووایە وەك لە هەشتاكان، تەنیا شێوەیی بووە، ئەوكات دەستوور كاتی بووە، واتە لە 1958 تا 2003، لە سەردەمی كۆماریدا پرۆسەی لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی بڵاو بووەوە و دادگەی سەربازی دادەنران و تۆمەت دەبەخشرایەوە، هەر لەو ماوەیە دۆزی كورد زیاتر پەرەی سەند، بە شێوەیەك لە 1961 جەنگی كورد و سوپای عێراق دەستی پێ كرد و لە 1974 كۆتایی هات.

لە خاڵە ئەرێنییەكانی سەردەمی كۆماری، دەرەبەگایەتی نەهێشت و یارمەتی هەژار و جووتیارانی دا، لە ساڵانی حەفتاكان ئاستی فێركردن پەرەی سەند و نەوت خۆماڵی كرا و وڵات گەشەی سەند، بەڵام سیستمێكی دیكتاتۆری هەبوو بەسەر راگەیاندن و ئازادییەكان و حزبە سیاسییەكانەوە زاڵ بوو، رێژەی كودەتای سەربازی و ژمارەی گیراوان لە گرتووخانەكان زیادی كرد و چەندان جەنگ روویان دا، لەوانە جەنگی ئێران و گرتنی كوێت و دوای ئەوە داگیركردنی ئەمەریكا بۆ عێراق، هەرچی دوای 3003یە ئەوە بابەتێكی ترە و چیڕۆكێكی بەئازارە و لە لاپەڕەی كتێبەكان  شوێنی نابێتەوە.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل