لە ئیمارات تەنیا بە چەند چركە پشكنینی كۆرۆنا دەكرێت

:: PM:02:03:14/07/2020 ‌
وەزارەتی تەندروستی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بڵاوی كردەوە، بە پشتبەستن بە تەكنەلۆجیای DPI دەتوانن تەنیا بە چەند چركەیەك پشكنینی كۆرۆنا تەواو بكەن.

ئیمارات یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو كە حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا تۆمار كرا و ئەو وڵاتە لە رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە سەركەوتوو بووە، ئێستەش تەكنەلۆجیایەكی پێشكەوتوو بۆ پشكنینی خەڵك لە ماوەیەكی كورتدا بەكار دەهێنێت.

ئامێرە پشكنینەكە هەر لە ئیمارات دروست كراوە و نموونەی خوێن لە خەڵك وەردەگرێت و دواتر بە پشكنینی شێوەی خانەكان، راستەوخۆ دەتوانێت ئەوە دەربخات ڤایرۆسی كۆرۆنا تووشی كەسەكە بووە یان نا.

ئامێرەكە بە تەكنەلۆجیای DPI كار دەكات و بە پشتبەستن بە لێزەرێكی پێشكەوتوو و هۆشی دەستكرد بۆ خوێندنەوەی وێنەی خانەكان بە چەند چركەیەك ئەنجامەكە دەخاتەڕوو.

لە ئیمارات 334 كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون.
بەگوێرەی شەفەقنا، لە ئیمارات 51 هەزار و 198 كەس تووشی نەخۆشییەكە بوون و بە گشتی 334 كەسیش بە ڤایرۆسەكە مردوون.

لە دنیادا ئامارەكە گەیشتووەتە سەرووی 13 ملیۆن و 265 هەزار حاڵەت كە لەو ژمارەیە حەوت ملیۆن و 731 هەزاریان چاك بوونەتەوە و 576 هەزار و 246 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.




وشە - سلێمان تاشان