یەكێتی لە سووكایەتیكردن بە كورد دڵخۆشە

:: PM:02:55:14/07/2020 ‌
مامۆستایانی ئاینی و هاووڵاتییان بەهۆی سوکایەتیکردن بە هاووڵاتییەکی کورد لە نەخۆشخانەیەکی کەرکووک گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و دەڵێن، بەرپرسانی یەكێتی لە كەركووك بە سووكایەتیكردن بە كورد زۆر دڵخۆشن.
لەبەر لۆمەی خەڵكی نەبێت، لە خۆشیان شیرینیش دابەش دەكەن

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی تەمووز، ژمارەیەك مامۆستای ئاینی و هاووڵاتی لە بەرانبەر ئەو سووكایەتییە بە هاووڵاتییەكی كورد دەكرێت لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی كەركووك، گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا.

ئەو هاووڵاتییانە لە پەیامێكدا بۆ بەرپرسانی یەكێتی رای دەگەیەنن، پێویست ناكات بەیاننامە دەربكەن و بڵێن بەدواداچوون دەكەین، چونكە هیچتان پێ ناكرێت و زۆریش دڵخۆشن بە سووكایەتیكردن بە كورد، لەبەر شەرم و لۆمەی خەڵكی نەبێت، لە خۆشیان شیرینیش دابەش دەكەن.

ئەو هاووڵاتییانە و چەند مامۆستایەكی ئاینی ئەمڕۆ لە گردبوونەوەكەیان داوایان كرد، نوێنەرانی كوردی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هیچ بەیاننامەیەك دەرنەكەن و خۆیان بێ‌دەنگ بكەن باشترە.

دوو ڕۆژی ڕابردوو گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە کە تیایدا كوردێك سەرەڕای گیان لەدەستدانی هاوژینەكەی لە نەخۆشخانەی کەرکووک، بە قەرەوێڵەكەیەوە بەستراوەتەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆکە، كەسێك لەسەر قەرەوێڵەیەك راكشاوە و بەتانییەك بە سەریدا دراوە، هاوژینەكەشی بە كەلەپچە بە قەرەوێڵەكەوە بەستراوەتەوە و لە دۆخێكی دەرونی خراپدایە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی تووشی کۆرۆنا بووە و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، لەسەر ئەرکی خۆی چوار بوتڵ ئۆكسجین دەبات بۆ نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركووك، بەڵام لە نەخۆشخانە ئۆكسجینەكان بۆ ژنەكەی بەكار ناهێنرێن، ئەویش لە تووڕەییدا ئامێرێكی تەندروستی نەخۆشخانەكە دەشکێنێت و بەهۆیەوە دەگیرێت.





وشە - رامیار جەواد