توركیا بەهۆی دەستوەردانی سەربازی لە لیبیا تووشی كێشە دەبێت

:: PM:03:51:14/07/2020 ‌

توركیا لە دەستوەردانەكانی لە تەواوی ناوچەكانی دەوروبەری و دوور لە سنوورەكانی بەردەوامە، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ئەنكەرە دەستوەردانی سەربازی لە لیبیا كرد و تەرازووی هێزی لەو وڵاتە گۆڕی، ئەوەیش ناڕەزایەتی لای چەند وڵاتێك و پەرلەمانی لیبیا دروست كرد، ئەنكەرە لە ماوەی چەند سەعاتی رابردوو چەند پەیامێكی توندی وریاكردنەوەی پێ گەیشت.
جموجۆڵە سەربازییەكانی توركیا لە لیبیا دژی بەرژەوەندییەكانی ئەوروپایە
پەرلەمانی لیبیا داوای لە سوپای میسڕ كرد بۆ دەستوەردانی لە لیبیا و كاركردنی بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لیبیا و میسڕ، كە ئێستە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەردوو وڵات دروست بووە، لەوكاتەی یەكێتی ئەوروپا داوای لە ئەنكەرە كردووە بە راگرتنی دەستوەردانەكانی لە لیبیا و رێزگرتنی لە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بە قەدەغەی فرۆشتنی چەك بە لیبیا.

پەرلەمانی لیبیا پێشوازی لە هاوشانەی هەوڵەكانی تەرابلوس و قاهیرەیان كرد، بەشێوەیەك بتوانن توركیا تێكبشكێنن، وەك بەیاننامەی پەرلەمانی لیبیا ئاماژەی بۆ كردووە، لەوكاتەی دووپاتی لە دابەشكردنی دادوەرانەی سامان و داهاتی نەوتی لیبیا كردەوە و رێگرتن لە میلیشیاكان بە بردنی ئەو سامانە، بۆیە پەرلەمانی لیبیا داوای هاتنەناوەوەی سوپای میسڕی بۆ لیبیا كرد بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لیبیا و میسڕ كە مەترسییەكی گەورە رووبەڕییان بووەتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ داگیركاریی توركیا بۆ خاكی لیبیا.

لەلایەكی تر جۆزیب بۆریل، رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا رای گەیلاند، پێویستە توركیا رێز لە پابەندییەكانی بگرێت بەپێی بڕیارەكانی كۆنگرەی بەرلین، لەوانە قەدەغەی هەناردنی چەك بۆ لیبیا، ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دوای كۆبوونەوەی ئەندامانی یەكێتییەكە روونی كردەوە، پێویستە جموجۆڵەكانی توركیا لە لیبیا بوەستێت، چونكە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەوروپایە، بۆیە ئێستە پێوەندییەكانی توركیا و ئەوروپا ئاڵۆزە، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەهۆی لیبیا، ئەوەی راستەوخۆ كار دەكاتە سەر بەرژەوەندییەكانمان، بۆیە پێویستە توركیا بوەستێت.

مونیر ئەدیب، شارەزا لە كاروباری بزاوە تیرۆریستییەكان دەڵێت، پەرلەمانی لیبیا دەسەڵاتی داوای هاتنی سوپای لیبیای هەیە، ئەگەر سوپای میسڕ بچێتە لیبیا ئەوە هاوكێشەی هێز دەگۆڕێت و گورزێكی گەورە لە میلیشیاكان دەدات، جیا لەوە پاڵپشتی لە هۆزەكانی لیبیا دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی توركیا و میلیشیاكانی داگیریان كردووە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل