سۆران عومەر دەست لە كار دەكێشێتەوە

:: PM:08:45:14/07/2020 ‌

دوای ئەوەی فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی دەست لەكار دەكێشێتەوە و كاندیدێكی تری لیستەكەی دەچێتە جێگەی لە پەرلەمان، "وشە"، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی ئاشكرا دەكات.
یەكێك لە دۆسییەكان پێوەندی بە كوشتنی ڕۆژنامەنووسێكەوە هەیە
ئەمڕۆ سێشەم 14ی تەمووز، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری داوە دەست لە كاری پەرلەمانتاری بكێشێتەوە، ئەوەیش بەشێكی لەسەر داوای حزبەكەیەتی و بەشێكیشی پێوەندی بەخۆیەوە هەیە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو بەشەی پێوەندی بە كۆمەڵەوەیە هەیە، پێوەستە بەوەی سۆران عومەر، بەهۆی ئەوەی ناچێتە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ئەو داوا یاساییەی لەسەریەتی، بۆشایی دروست كردووە لەناو فراكسیۆنەكە، بۆیە حزبەكەی داوای دەستلەكاركێشانەوەی لێ كردووە.

"وشە"، ئەوەیشی زانیوە، ئەو بەشەی پێوەندی بە سۆرانەوە هەیە، بەهۆی ترسانە لە دۆڕانی ئەو سكاڵایانەیە كە لەسەریەتی، بەتایبەتی یەكێك لە دۆسیەكان پێوەندی بە كوشتنی ڕۆژنامەنووسێكەوە هەیە.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی، كە كاندیدی براوەی كۆمەڵە بۆ پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند كە ئاگەداری ئەوەیە سۆران عومەر بەنیازی دەستلەكاركێشانەوەیە، بەڵام هۆكارەكەی نازانن، ڕەنگە پێوەندی بەو دۆخەی ئێستەی هەرێمەوە هەبێت.

لە بارەی ئەوەی كێ دەچێتە جێگەی سۆران عومەرەوە، گوڵپی روونی كردەوە، بەپێی زۆرترینی دەنگەكان بێت، دەبێت من بچمە جێگەی، چونكە من تاكە كاندیدی كۆمەڵ بووم كە زۆرترینی دەنگەكانم هێنا بوو، بەڵام هێشتا نازانم دەچمە جێگەی یان نا.

شایەنی باسە یەكشەمی رابردوو 12ی‌ تەمووز، بە گوێرەی یاداشتی دادگا، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر/ دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ئاراستەی هەموو ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و سەرجەم ئەندامانی پۆلیسی كردووە، ئەو هێزانە فەرمانیان پێكراوە سۆران عومەر وەك تۆمەتبار بگرن و بیدەن بە دادگا، بەو پێیەی لە بنكەی پۆلیسی خانەقا سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل