لە حاجی ئۆمەران دەست بەسەر 25 كیلۆگڕام زێڕی قاچاخ گیرا

:: PM:09:08:14/07/2020 ‌

لە چوارچێوەی هەوڵەكانی تۆكمەتركردنی كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكان، بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێم لە هێنان و بردنی هەر كاڵایەك كە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ زیان بەوان دەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمران لە سنووری پارێزگەی هەولێر، دەست بەسەر 25 كیلۆگڕام زێڕی قاچاخ گیرا.
هەوڵ دراوە زێڕەكە بهێندرێتە ناو هەرێم
وەك لە راگەیاندراوێكی ئاسایشی دەروازەكە كە وێنەیەكی گەیشتووەتە "وشە"، هاتووە، ئەمرۆ سێشەم 14 تەمووزی 2020، كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، لەكاتی پشكنینی بارهەڵگرێكدا، توانیان دەست بەسەر 21 پارچە زێڕ، كە دەكاتە 25,400 كیلۆگڕام زێڕ، بگرن.

زیاتر هاتووە، زێڕەكە لەناو چەكمەچەی بارهەڵگرێكی عێراقی حەشار درابوو و هەوڵ هەبوو بە شێوەی نایاسایی و بە قاچاخ بهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان، بۆیە دوای دەستبەسەرداگرتنی پەڕاوی لێكۆلینەوەی بۆ كراوە و رەوانەی بەشی یاسایی گومرگی حاجی ئۆمەران كرا، بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی و گومرگی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل