چالاك و رۆشنبیران: ئیدارەی گەرمیان وەك دەزگایەكی حزبی مامەڵە دەكات

:: PM:10:17:14/07/2020 ‌

 هاوكات لەگەڵ بەڕێكەوتنی شەمەندەفەری چاكسازییەكانی حكوومەت، كاروانی ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیش بێ جیاوازی دەستی پێ كردووە، دوای نزیكەی ساڵێك لە رێكخستنەوەی كایەكانی دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی سەختترین دوو تەنگژەی كۆرۆنا و دارایی، دەستی ئاوەدانكردنەوەی كابینەی نۆ گەیشتە چەندان شوێن، گەرمیانییەكان رەخنە لە ئیدارەكەیان دەگرن بەوەی لەبری حكوومەت، ستایشی حزبێك دەكەن.
داهاتی نەوت لە‌بری كەرتی تەندروستی بۆ تاقمێك خەرج دەكرێت
 ژمارەیەك لە رۆشنبیر و چالاكی مەدەنیی گەرمیان، رەخنە لە ئیدارەی گەرمیان دەگرن، بەوەی وەك دەزگایەكی حزبی مامەڵەی لەگەڵ سەردانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كردووە، كە دەیانەوێ خۆیان وەك فریادڕەسی كەرتی تەندروستی پێشان بدەن.

كۆچەر گەرمیانی، چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنی، بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی دووكەڵی بیرە نەوتەكانی  گەرمیانەوە، دەیان هاووڵاتی تووشی نەخۆشی جۆراجۆر هاتوونەتەوە، كەچی داهاتی نەوتەكە لەبری ئەوەی بۆ كەرتی تەندروستی سەرف بكرێ، بۆ تاقمێكی دیاریكراوی حزبی سەرف كرا.

 زیاتر گوتی، لە سایەی پەیام و بانگەوازی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە لە گەرمیان و ناوچەكانی تری سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە، دەیان نەخۆشخانە بۆ تووشبووانی پەتای كۆرۆنا دروست كرا، كەچی بەرپرسانی دەسەڵاتداری ئەم ناوچانە دەیانەوێ موزایدە بكەن.

 توڕەیی و رقی گەرمیانییەكان دوای ئەوە تەقییەوە، كاتێك لاهور جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی گەرمیانی كرد و ئیدارەی گەرمیانیش بەشێوەیەكی حزبیانە ئەویان وەك ئومێدبەخش ناساند،  لەكاتێكدا وەك ئازاد عوسمان، سەرپەرشتیاری گرووپی "خۆمان ناوچەی خۆمان رزگار دەكەین"، بە"وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا دەیان بتڵ ئۆكسجین و بە بەهای دەیان ملیۆن دینار، كەرەستە و پێداویستی تەندروستیان بۆ ناوچەكە دابین كرد.

هەر ئەمڕۆ رزگار محەمەد، پەرلەمانتاری لیستی گۆڕان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، برێكی زۆر كەرەستە و پێداویستی پزیشكیان گەیاندووەتە نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرنا لە شاری كەلار، ئەوەیش پاش ئەوە دێت كە بەرپرسانی یەكێتی خۆیان بە فریادڕەسی كەرتی تەندروستی پێشان دا.

 لە سنووری گەرمیان تا ئێستە 47 كەس بە پەتای كۆرنا گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە 1500 كەسیش تووشی ئەو پەتایە هاتوون، لەپاش چڕبوونەوەی مەترسییەكانی پەتاكە زیاتر لە جارێك دەیان رێكخراوی گەرمیان هاواری خۆیان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی تەندروستی پەرلەمان كردووە، كە گیانی هاووڵاتییان و كەرتی تەندروستی گەرمیان بووەتە قوربانی ململانێی نێوان یەكێتی و گۆڕان.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل