ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمان: دەستلەكاركێشانەوە فریای سۆران عومەر ناكەوێت

:: PM:10:46:14/07/2020 ‌

سۆران عومەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان دەست لە كاری پەرلەمانتاری دەكێشێتەوە و ئەندامێكی لیژنەی یاساییش دووپاتی كردەوە، دەستلەكاركێشانەوە فریای سۆران عومەر ناكەوێت و دەبێت هەر بچێتە بەردەم دادگا.
سۆران عەمەر هەر دەبێت بچێتە بەردەم دادگا
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەم 14ی تەمووز، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی دەست لە كاری پەرلەمانی دەكێشێتەوە، ئەمەیش ڕەنگە پێوەندی بەو داوا یاساییانەوە هەبێت كە لەسەری تۆمار كراون.

زیاتر گوتی، دەستلەكاركێشانەوە دادی سۆران عومەر نادات، چونكە ئەو داوای یاساییانەی سەری، پێوەندیان بە پەرلەمانتارییەوە نییە، بۆیە هەر دەبێت بچێتە بەردەم دادگا.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سۆران عومەر ماوەیەكی زۆر بوو لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دابڕا بوو، هەروەك بەشداری لە كۆبوونەوەی لیژنەكانیش نەدەكرد كە بۆ بەدواداچوونەكان ئامادە بێت، هەموو كاری ئەو لە سۆشیال میدیا دەردەكەوت.

ئەمڕۆ سێشەم عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی سلێمانی، كە كاندیدی براوەی كۆمەڵی ئیسلامییە بۆ پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند كە ئاگەداری ئەوەیە سۆران عومەر بەنیازی دەستلەكاركێشانەوەیە، بەڵام هۆكارەكەی نازانێت، ئاشكرای كرد، بەپێی زۆرترینی دەنگ بێت، دەبێت من بچمە جێگەی، چونكە تاكە كاندیدی كۆمەڵ بووم زۆرترین دەنگم هێنا بوو، بەڵام هێشتا نازانم دەچمە جێگەی یان نا.

بەپێی زانیارییەكان "وشە"، هۆكاری دەستكێشانەوەی سۆران عومەر، لەلایەك بەهۆی ئەوەوەیە بۆشایی لە فراكسیۆنی كۆمەڵ دروست بووە و حزبەكەی داوای دەستلەكاركێشانەوەی لێ كردووە، هەروەها بەهۆی ترسی سۆرانە لە دۆڕاندی دۆسییەكانی سەری، بەتایبەتی یەكێك لە دۆسیەكان پێوەندی بە كوشتنی ڕۆژنامەنووسێكەوە هەیە.

شایەنی باسە یەكشەمی رابردوو 12ی‌ تەمووز، بە گوێرەی یاداشتی دادگا، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر/ دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ئاراستەی هەموو ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری و سەرجەم ئەندامانی پۆلیسی كردووە، ئەو هێزانە فەرمانیان پێكراوە سۆران عومەر وەك تۆمەتبار بگرن و بیدەن بە دادگا، بەو پێیەی لە بنكەی پۆلیسی خانەقا سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل