له بابه‌تێكی گۆڤاری فۆرێن پۆلسی ئه‌مه‌ریكی هاتووه، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پێویسته بیر له شوێنگره‌وه‌ی پاشا عه‌بدوڵای دووه‌م پاشای ئوردن بكاته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێشتا زۆر به ته‌مه‌ندا نه‌چووه و ته‌ندروستییه‌كی زۆرباشی هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی شازاده حوسێنی شازاده‌ی جێنشینی ئوردن له‌لای ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه زۆر نه‌ناسراوه و نزیك نییه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته واشنتن بیر له دوای پاشا عه‌بدوڵا بكاته‌وه.
علیاء عهوزلا له بابه‌ته‌كه‌ی له گۆڤاری
فۆرێن پۆلسی نووسیویه‌تی، ئوردن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتێكی بچووك و سه‌قامگیره، به‌ڵام له ڕووی جیوگرافیای سیاسییه‌وه شوێنێكی ستراتیجی هه‌یه و دراوسێی ئیسرائیلی هاوپه‌یمانی ستراتیجی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه خۆیشی یه‌كێكه له هاوپه‌یمانه گرنگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش پێویسته ئه‌مه‌ریكییه‌كان بیر له داهاتوویه‌كی دوور بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ نه‌ده‌ن كه وڵاته‌كه به‌ره‌و نائارامی ببرێ و له هاوپه‌یمانیه‌تیی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا دوور بخرێته‌وه.
ئاماژه‌ی داوه، ئێسته ناكۆكی ناوخۆیی زۆر له ئوردن هه‌یه، به تایبه‌ت له‌باره‌ی داهاتووی په‌یماننامه‌ی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئوردن، كه بووه‌ته جێی مشتومڕی سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌كرێ، شازاده‌ی جێنشینی ئوردن له‌و نێوه‌نده‌دا هیچ پێگه و بایه‌خێكی نییه، ئاماده نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار و ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه بگرێته ده‌ست، به‌ڵكوو كه‌مترین ده‌ركه‌وتنی هه‌یه، لای ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش زۆر ناسراو نییه و پێوه‌ندی تۆكمه‌یان له‌گه‌ڵی نییه.
به ڕوانین له مێژووی گۆڕینی پاشا‌كان له ئوردن، پێویسته بیر له ئاماده‌كاری پێشوه‌خته بكرێته‌وه
شازاد حوسێن ته‌مه‌نی 26 ساڵه و كوڕه گه‌وره‌ی پاشا عه‌بدوڵای دووه‌می پاشای ئوردنه و له بابه‌ته‌كه ڕوون كراوه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شازاده‌كه كه‌سێكی پێگه‌یشتوو و گه‌نجه، به‌ڵام زۆر ده‌رناكه‌وێ و گرنگی به كاروباری سیاسی وڵاته‌كه‌ی نادات و خه‌ریكی كاركردنیه‌تی له‌و بواره‌ی كه ئاره‌زووی لێیه‌تی.
نووسه‌ر ڕوونی كردووه‌ته‌وه، پێویسته ئه‌مه‌ریكییه‌كان بیر له داهاتووی ئوردن بكه‌نه‌وه و ڕێ نه‌ده‌ن كه ئاژاوه بكه‌وێته‌وه وڵاته‌كه‌وه، وه‌كچۆن مه‌ترسی دروستبوونی كێشه و ناكۆكی و ململانێ له سوڵتاننشینی عومان هه‌بوو، دوای مردنی سوڵتان قابووس، به‌ڵام پێشوه‌خته ئه‌مه‌ریكییه‌كان بیریان لێ كرده‌وه، بۆیه مردنی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی جێ نه‌هێشت و وڵاته‌كه به ئارامی و ئاسایشی ته‌واوه مایه‌وه، پێویسته هه‌مان سیاسه‌ت به‌رانبه‌ر ئوردنیش پێڕه‌و بكه‌ن.
هێما بۆ ئه‌وه‌یش كراوه، كه خه‌ڵكی ئوردن تا ئێسته‌یش ئه‌وه‌یان له‌بیر نه‌چووه‌ته‌وه كه پاشا حوسێنی پێشوو چۆن له ته‌مه‌نی 17 ساڵی ته‌ختی پاشایه‌تی وه‌رگرت و چ كێشه و ململانێیه‌ك له نێو خانه‌واده‌ی شاهانه دروست بوو، ناكرێ ئه‌مه‌ریكا ڕێ به دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌زموون بدات، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته پلان و به‌رنامه‌ی هه‌بێت.
نووسه‌ر باس له مێژووی وڵاته‌كه ده‌كات و ده‌ڵێ، پاشا عه‌بدوڵای یه‌كه‌م له ساڵی 1951 له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌په‌رستێكی فه‌له‌ستینی تیرۆر كرا، دواتر پاشا حوسێن له ته‌مه‌نی 17 ساڵی حوكمی گرته‌ده‌ست، له كاتێكدا ته‌لالی برای پاشا عه‌بدوڵایش چاوی له وه‌رگرتنی پۆسته‌كه بوو، به‌ڵام دواجار به‌هۆی شێرپه‌نجه له ته‌مه‌نی 63 ساڵی كۆچی دوایی كرد.
پاشای پێشوو پاشا حوسێن 12 جار هه‌وڵی تیرۆركردن و كوشتنی درا تا له ژیاندا مابوو، تا ئێسته‌یش په‌رده له‌سه‌ر نهێنییه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ژیانی پاشا عه‌بدوڵای دووه‌م هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستی زۆرباشه، به‌ڵام مێژووی وڵاته‌كه به‌رده‌وام ڕووداوی چاوه‌ڕواننه‌كراوی تێدا ڕوویداوه، بۆیه ناكرێ واشنتن ئه‌مه نادیده بگرێ و گرنگی به شوێنگره‌وه‌ی پاشای ئێسته نه‌دات و به ته‌واوی بۆ هاتنه سه‌ر حوكمی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ی نه‌كات.
نه‌ریتی ماڵباتی شاهانه‌ی ئوردن ئاڵۆزه و گرنگه ئه‌مه‌ریكا بیر له داهاتووی وڵاته‌كه بكاته‌وه
له‌باره‌ی هۆكاری ئه‌و هه‌موو ناكۆكی و كێشه‌یه‌ی كه له دوای مردنی پاشاكانی پێشوو دروست بووه، نووسیویه‌تی: هۆكاره‌كه بۆ ناڕوونی دانانی شوێنگره‌وه‌ی پاشا ده‌گه‌ڕێته‌وه له نێو ماڵباتی شاهانه‌ی ئوردن، پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی تری كه‌نداو كه ڕێوشوێن و نه‌ریت و یاسای پێویست بۆ ئه‌و بابه‌ته هه‌یه، بۆیه هیچ گرفتێكی گه‌وره‌ی لێ ناكه‌وێته‌وه، به‌ڵام له ئوردن ئه‌مه بوونی نییه و پرۆسه‌كه زۆر شاراوه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته له هه‌مووان زیاتر وریای داهاتووی ئوردن بین.
ئێسته دۆخی ئوردن ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له خراپبوون ده‌كات، له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه عێراقی پڕ له كێشه هاوسێهیهتی و له باكوره‌وه‌یش سووریا و له ڕۆژئاواوهیش ئیسرائیل، كه هه‌رسێ وڵاته‌كه گرفت و توندوتیژیان تێدایه و له حاڵه‌تی جه‌نگ و ململانێی ناوخۆی و دژ به تیرۆردان، ژینگه‌كه مه‌ترسیداره له ئوردن و هه‌موو ئه‌گه‌رێك بوونی هه‌یه، كارێكی زۆر گرنگ و ستراتیجییه كه ئه‌مه‌ریكا وریای ئه‌و وڵاته هاوپه‌یمانه‌ی بێت، چونكه به‌شێك له وڵاتانی ناوچه‌كه به هاوپه‌یمانیه‌تیی ئوردن و ئه‌مه‌ریكا نیگه‌رانن و ده‌یانه‌وێ وڵاته‌كه له داهاتوو له ئه‌مه‌ریكا دوور بخه‌نه‌وه.