"وشە" پیلانی هاتنی سوپای عێراق بۆ نزیك سنوورەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات

:: AM:10:18:15/07/2020 ‌
ماوەی چوار ڕۆژە هێزێكی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان نزیك بوونەتەوە، ئامانجیان دەستگرتنە بەسەر بازگەیەكی پێشمەرگە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تەمووز، سەرچاوەیەكی نزیك لە گفتوگۆكانی نێوان ئەو هێزە و هێزی پێشمەرگە لە سنووری كفری بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ماوەی چوار ڕۆژە ئەو هێزەی عێراق لەو سنوورە ماونەتەوە و چەند جارێك هەوڵی هاتنە پێشەوەیان داوە، بەڵام لەلایەن هێزی پێشمەرگە لەو سنوورە ڕێگرییان لێ كراوە.

داوای بازگەی ناوچەی كارێزی نزیك كفری دەكەن و دەیانەوێ كۆنترۆڵی ڕێی سلێمان بەگیان بەدەستەوە بێت
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئێوارەی دوێنێ‌ گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە تا بزانن چییان دەوێت و بۆچی ناكشێنەوە، لە وەڵامدا داوای بازگەی  ناوچەی كارێزی نزیك كفری دەكەن و دەیانەوێ كۆنترۆڵی ڕێی سلێمان بەگیان بەدەستەوە بێت.

ڕوونی كردەوە، ئەو هێزە ئێستە چەند پێگەیەكیان داناوە، لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەشەوە هۆشدارییان پێ دراوە كە چیتر نەیەنە پێشتر و ئەو ڕەبیانەی دایانناوە هەڵیانبگرن و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەڵام ئێستە باس لە ڕێككەوتن دەكرێت و ئەگەری مانەوەی ئەو هێزە هەیە و بازگەكەش ڕادەست بكرێت.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، ڕۆژانە سوپای عێراق داوای كشانەوەی زیاتر لە هێزەكانی یەكێتی دەكات، بۆ ئەوەیش گومان دەكرێت ڕێككەوتنی نهێنی لەسەر ئەنجام درابێت.



وشە - رامیار جەواد