لادانی باخچە نایاساییەكانی هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:04:15/07/2020 ‌
سەرۆكی شارەوانی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، دەستیان كردووە بە لادانی سەرجەم باخچە نایاساییەكانی هەولێر و هەر كەسێك باخچەی لە پێش ماڵی خۆشی هەبێت، كەسێكی تر دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تەمووز، عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە هەولێر لادانی باخچە نایاساییەكان دەستی پێ‌ كردووە، ڕۆژانە تیمەكان سەرقاڵن و سەرجەم باخچەكان دەگرێتەوە كە بەشێوەی نایاسایی دروست كراون.

واتا لە سوودی تایبەتی كەسێكەوە دەبێ بۆ هەموو كەسێك تا سوودی لێ ببینن
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر گوتی، ئەو باخچانەی لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروست كراون و بۆ سوودی تایبەتی خۆیان بەكار دێت، بۆیە ئێمە دارەكان هەڵناكەنین، بەڵكو ئەو سیمەی لە باخچەكە دراوە، تێكی دەدەین، واتا لە سوودی تایبەتی كەسێكەوە دەبێ بۆ هەموو كەسێك تا سوودی لێ ببینن.

باسی لەوەش كرد، لەگەڵ لادانی باخچەكان ئەو ئاوانەش دەبڕن كە بۆ باخچەكان بەكار دێت و بە نایاسایی ڕاكێشراون، ئەوەش بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی ئاو لە هەندێك لە گەڕەكەكانی هەولێر.

ڕوونی كردەوە، پرۆسەی لادانی ئەو باخچانە بەردەوام دەبێت، هەروەها ئەگەر تەنگژەی دارایی نەبووایە، ئەوا بەرنامەمان هەبوو سەرجەم ئەو شوێنانە بكرانایە باخچەی گشتی و هەموو خەڵك لێی سوودمەند بن.

لە هەولێر زیاتر لە 600 باخچە و پاركی جۆراوجۆر هەن، بەشێك لە هاووڵاتییان گۆڕەپانی بەردەم ماڵەكانیان سیم كردووە و بۆ خۆیان كردوویانەتە باخچە، ئەوەش كارێكی نایاساییە.



وشە - رامیار جەواد