دوای ئەوەی شەمەندەفەری چاكسازی و ئاوەدانكردنەوەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە رێ و بە گوڕێكی جێگیر و چەسپاو بەرەو ئامانجەكانی هەنگاو دەنێت، ئێستە پڕۆژەیاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێم ئامادە دەكرێت، پەرلەمانتارێك زانیاری لەوبارەوە دەدات.
ئەمساڵ پڕۆژەكە دێتە پەرلەمان
خەدیجە عومەر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو 18ی تەمووز، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاسای خانەنشینی یەكگرتووی هەرێمی كوردستان ئامادە دەكات، هاوشێوەی ئەو یاسایەی لە عێراق بۆ خانەنشینی هەیە.
زیاتر گوتی، حكوومەت لە ماوەی ئەمساڵ پڕۆژە یاساكە ئامادە دەكات و ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستانی دەكات بۆ ئەوەی پەرلەمانیش كاری خۆی لەسەر بكات و پەسەندی بكات.
لە بارەی ئەوەی لەناو یاساكەدا كەمترین مووچەی خانەنشینی چەند دەبێت، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هێشتا هیچ بەرچاومان روون نییە، ئێمە كاتی خۆی لە كاتی گفتوگۆی یاسای چاكسازیدا داوامان كرد كەمترین مووچەی خانەنشینی هاوشێوەی عێراقی لێ بكرێت، بەڵام حكوومەت توانای دارایی نەبوو زیادی بكات.
هاوكات سەعید هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەگەر بابەتی كۆرۆنا لە ئارادا نەبوایە، حكوومەت ئێستە پڕۆژەیاساكەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردبوو، بەڵام ئەمساڵ پڕۆژەكە دێتە پەرلەمان.
روونی كردەوە، بەپێی یاساكە دەبێت كەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزار دینار بێت، ئەمەیش دەكەوێتەوە سەر باشبوونی دۆخی دارایی حكوومەت، ئێستە گفتوگۆمان لەگەڵ حكوومەت بەردەوامە لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، داوامان كردووە ئەو پارەیەی لە ئەنجامی ئەو چاكسازییەوە دەگەڕێتەوە، مووچە كەمەكانی خانەنشینی پێ زیاد بكرێت.
سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا