چارەسەری كێشەی مووچەی كرێكارانی هەرێمی كوردستان دەكرێت

:: PM:02:23:23/07/2020 ‌
شاندێكی وەزارەتی كاری عێراق و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، لە هەوڵی چارەسەركردنی مووچەی كرێكارانی خانەنشینی هەرێمی كوردستانن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كار و دەستبەری كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كار هاتووە، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی تایبەت بە كرێكارانی خانەنشین كە مووچەكانیان لە حكوومەتی فیدراڵ وەردەگرن، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە هەولێر، كۆبوونەوەیەك لە نێوان وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی وەزارەتی كاری عێراق بەڕێوە چوو.

دووپات لە دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو كرایەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو كرێكارانەی خانەنشینن و لە بەغدا مووچە وەردەگرن
باس لەوەش كراوە، لەم كۆبوونەوەیە دووپات لە دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو كرایەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو كرێكارانەی خانەنشینن و لە بەغدا مووچە وەردەگرن.

ئەوەش باس كراوە، شاندی وەزارەتی كاری عێراقی دووپاتیان كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لە نزیكترین دەرفەتدا، هەر لەم كۆبوونەوەیە دووپات لە هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان هەردوولا كرایەوە لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی توێژەكانی سەر بە وەزارەتی كار.

ماوەی چەند مانگێكە مووچەی ئەو كەسانە ڕاگیراوە یان بە دواخراوی پێیان دەدرێت، ئەوەیش وایكردووە وەزارەتی كار هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیە بدات.



وشە - رامیار جەواد