بەرپرسانی سلێمانی ئاماژە دەكەن كە حكوومەتی هەرێم سەرەڕای تەنگژەی دارایی، گرنگی بە شارەكەیان داوە و چەندان پڕۆژەی تیادا جێبەجێ كردووە، بەڵام خەڵكی سلێمانی خەم لەوە دەخوات كە بۆچی شارەكەیان لەسەر ئاستی حزب و ململانێی حزبی پەراوێز خراوە، لە كاتێكدا بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان كراوە.
پڕۆژەكانی لەسەر ئاستی حكوومەت كراون خزمەتی زۆری سلێمانی كردووە
هاوكات هاووڵاتییانی سلێمانی باس لەوە دەكەن كە شارەكەیان یەكێكە لە شارە بێ خزمەت و بێنازەكان، لە رووی خزمەتگوزاری و پڕۆژەوە، دواكەوتووە و هۆكارەكەیشی بۆ ململانێ حزبییەكانی سنوورەكە دەگەڕێتەوە، كەچی هاوسەرۆكی یەكێتی لە هەولێر پڕۆژە بنیات دەنێ، كە ئەو شارە لە رووی خزمەتگوزارییەوە پێشكەوتووترینە.
كامەران غەریب، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی كۆمەڵێك دووفاقی لەو شێوەیەی ئێستە، دۆخی سلێمانی بەو شێوە ماوەتەوە، لە سلێمانی رۆژانە گوێمان لە نارەزایەتی و نیگەرانی هاووڵاتییان لە نەبوونی خزمەتگوزاری، ڕێگەوبان و پڕۆژە و پێشكەوتنی وەبەرهێنان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان دەبێت، بەڵام لاهور جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، دەچێت لە هەولێر پڕۆژە دەكاتەوە.
زیاتر گوتی، هەولێر یەكێكە لە شارە پێشكەوتووەكان لە رەوی خزمەتگوزارییەوە، دروستكردنی قوتابخانەیەك لە هەولێر هیچ لە ئاستی خزمەتگوزاری هەولێر بەرز ناكاتەوە و كاریگەری لەسەر رەوتی ئاوەدانی ناكات، هەولێر چەندان ساڵە لە رووی ئاوەدانییەوە كاری تێدا دەكرێت و پێشكەوتووترینە.
ئەو چاودێرە سیاسییە روونی كردەوە، سلێمانی ئێستە لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە پڕۆژە و خزمەتكردن هەیە، با یەكێتی و هاوسەرۆكەكەی ئەو خزمەت و پرۆژەیە لە شارەكەی خۆیان بكەن، چونكە خەڵكی سلێمانی خەم دەخوات لەوەی بۆچی شارەكەیان لەسەر ئاستی حزب و ململانێی حزبی پەراوێز خراوە، لە كاتێكدا بودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان كراوە.
باسی لەوەیش كرد، هاووڵاتییان زۆر لەوە هۆشیارترن كە ئاخۆ قوتابخانەیەك لە هەولێر پێویستترە یان شەقامێك لە سلێمانی، ئەو دووفاقییە خەڵكی هۆشیارە لێی و دەزانن ئەو مەبەستە بە چ ئامانجێكە.
جەلال حوسێن، هاووڵاتییەكی سلێمانییە، بە "وشە"ی راگەیاند، سلێمانی بەهۆی ململانێی یەكێتی و گۆڕان لە 11 ساڵی رابردوو، بێ خزمەتترین و بێنازترین شار بووە و بە بەراورد بە هەولێر، پڕۆژەی زۆر گەورەی تێدا نییە.
زیاتر گوتی، دەبوو یەكێتی باشترین خزمەتی بكردایە بە سلێمانی و گرنگی زۆری بە پڕۆژە و كاری گەورە بدایە و دڵی دانیشتوانەكەی رابگرتایە، كە بەردەوام نارەزایەتی دەردەبڕن و لە خزمەتگوزاری بێبەشن، لەوەی كە حزبەكە باڵادەستە و خزمەتی شارەكە ناكات.
لای خۆیەوە زیاد كاكە رەزا، جێگری سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكان لە سلێمانی زۆرن، بەڵام زۆرینەی راگیراوە، هەموو ئەو پڕۆژانەیش لەسەر ئاستی حكوومەت كراون و خزمەتی زۆری سلێمانی كراوە، بەڵام ئێستە سلێمانی زۆر لە شوێنی تر و شاری تر پێویستی بە خزمەت و پڕۆژە هەیە.
روونی كردەوە، حكوومەت لە دۆخێكی خراپدایە، بەڵام گرنگی زۆری بە سلێمانی داوە و باشترین و فراوانترین پڕۆژەی بۆ سلێمانی خستووەتە جێبەجێكردن، كە شەقامی 100 مەترییە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەیش كرد، خەڵكی سلێمانی شەو و رۆژ ناڕەزایەتی دەردەبڕێ بەهۆی كەمی پڕۆژەوە، ئەو پڕۆژەیەی كە هاوسەرۆكی یەكێتی كردییەوە، دەبوو لەسەر رەزامەندی حكوومەت بكرایە، كاتێك پڕۆژە دەكرێ، بۆچی لە سلێمانی ناكرێ، كە زۆر پێویستی بە پڕۆژەیە، كەچی براوە لە هەولیر دەكرێت.