رووداوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ناوچه جیاوازه‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان به‌رده‌وامه، له ماوه‌ی كه‌متر له 24 سه‌عاتدا سێ گه‌نج كوژراون و ته‌رمی ژنێكیش دۆزرایه‌وه.
بوونی چه‌ك به‌ده‌ست هاووڵاتییانه‌وه هۆكاری زۆربوونی رووداوه‌كانی كوشتنه
ئه‌مڕۆ شه‌موو 25ی ته‌مووز، شه‌ریف مه‌لا ره‌حیم گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی چه‌مچه‌ماڵ به "وشه"ی راگه‌یاند، شه‌وی رابردوو له سنووری شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ دوو گه‌نج به فیشه‌ك كوژران.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، له رووداوی یه‌كه‌مدا له‌ناو بازاڕی چه‌مچه‌ماڵ ته‌قه له گه‌نجێكی /25 ساڵ/ به‌ناوی (دابان عادل حه‌سه‌ن) كرا و ده‌ستبه‌جێ گیانی له ده‌ست دا، هاوكات له گوندی شۆراوی نزیك به شاره‌دێی ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند، له ئاكامی شه‌ڕی دوو بنه‌ماڵه‌دا به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، گه‌نجێكی /19ساڵ/ به فیشه‌ك كوژرا، پۆلیسیش له‌سه‌ر ئه‌و دوو رووداوه ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه كردووه.
زه‌رده‌شت عوسمان له راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخان به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ له گوندی به‌كر بایه‌غی نێوان كه‌لار و ده‌ربه‌ندیخانه‌وه، ته‌رمی ژنێك هێنرایه ده‌ربه‌ندیخان، ته‌رمه‌كه بۆنی كردووه و كه‌سی له‌گه‌ڵدا نییه و شوێنه‌واری فیشه‌ك و خنكانی پێوه دیار نییه.
ئه‌و رووداوه له‌كاتێكدایه كه ئه‌مڕۆ له گوندی مله‌سووره‌ی سه‌ر به شارۆكه‌ی كه‌لار، گه‌نجێك به‌ناوی نه‌وشیروان جه‌لال به‌ر ده‌ستڕێژی فیشه‌ك درا و كوژرا.
كارزان فوئاد توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له گه‌رمیان بۆ "وشه" روونی ده‌كاته‌وه، بوونی چه‌ك به‌ده‌ست هاووڵاتییانه‌وه هۆكاری زۆربوونی رووداوه‌كانی كوشتنه، چونكه له‌كاتی شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كاندا به‌كار ده‌هێنرێت.
ئه‌و توێژه‌ره به‌پێویستی زانی چه‌ك له هیچ ماڵ و جێیه‌كدا به‌هیچ بیانوویه‌ك نه‌هێڵرێت، به‌تایبه‌ت له وه‌رزی هاویندا راده‌ی تووڕه‌بوونی هاووڵاتییان زیاتر په‌ره ده‌ستێنێ.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی