ماڵباتی كاوه‌: براكه‌مان خوێنده‌واریی نه‌بووه‌ و گومانمان هه‌یه‌ له‌ مردنه‌كه‌ی

:: AM:10:17:28/07/2020 ‌
ماڵباتی كاوه‌ حه‌مه‌ئه‌مین ساڵح، روونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ و گومانی خۆیان له‌ شێوه‌ی مردنی كوڕه‌كه‌یان راده‌گه‌یه‌نن و ده‌ڵێن، براكه‌یان خوێنده‌واری ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ بنووسێت و دۆخی  دارایی باش بووه‌ و خاوه‌نی چوار مووچه‌ بووه‌ به‌بڕه‌كانی 400 هه‌زار دینار برینداری چه‌كی كیمیایی، 150 هه‌زار دینار كه‌مئه‌ندامی، 250 هه‌زار دینار زیندانیانی سیاسی و 100 هه‌زار شه‌هیدانه‌ی دایكی.
مانگی رابردوو چەند کەسی نەناسراو هێرشیان کردە سەر کاوە و بە بۆکس خەنجەر لێیان دا

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، كاوه‌ مانگانه ‌بڕی 400  هه‌زار دیناری وه‌كاله‌تیی كردبووه‌وه‌ بۆ خێزانه‌كه‌ی به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ته‌نیا بۆ كرێی خانووه‌كه‌ی و كاره‌بای موه‌لیده‌، كاوه‌ كیشه‌ی خێزانی هه‌بووه‌، پێش 10 ڕۆژ ڕۆیشتین به شوێنیدا بۆ ماڵی براكه‌ی له‌ شاره‌دێی سیروان بیهێنینه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاوه‌ زۆر بێتاقه‌ت بوو بۆ منداڵه‌كانی، ده‌یگوت ئاگر له‌ ناو دڵمه‌ بۆ منداڵه‌كان، له‌ قسه‌كردنمان له‌گه‌ڵ خێزانی ئه‌وه‌ی گوت، كێشه‌كه‌ی دۆخی دارایی نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كاوه‌ ناگونجێم و نایه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئێسته‌ ده‌ڵێت كێشه‌م داراییه‌ و ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ ڕاستی، بۆ هه‌مووانی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌، كاوه‌ هیچ نووسراوێكی جێنه‌هێشتووه‌ له‌ پاش خۆی، ته‌نانه‌ت كاوه‌ خوێنده‌واریی باش نه‌بووه‌‌، نه‌یزانیوه‌ بنووسێت، هه‌ركه‌سێك ئه‌و نامه‌یه‌ی نووسیوه‌ و دروستی كردووه‌ ده‌بێ ڕوونی بكاته‌وه‌، هه‌ر مه‌رامێكی هه‌بووه‌ دادگا لێكوڵینه‌وه‌ی خۆی ده‌كات، كاوه‌ 26ی مانگی رابردوو هه‌وڵی دا خۆی بسووتێنێت و نه‌مانهێشت، له‌به‌رئه‌وه‌ی داوای منداڵه‌كانی كردبوو خێزانی و ماڵی خه‌زووری ڕێیان پێ نه‌دابوو، دواجار چووه‌ لای حاكم و داوای بینینی منداڵه‌كانی كرد و سێ عه‌ریزه‌ی دا تا منداڵه‌كانی ببینێت، كاوه‌ دوو پارێزه‌ری هه‌بوو و خێزانیشی یه‌ك پارێزه‌ری هه‌یه،‌ ئه‌وه‌بوو دواجار بڕیار درا كاوه‌ له‌ سیروان منداڵه‌كانی ببینێت.

 زیاتر روون كراوه‌ته‌وه‌، دوای مانگ و نیوێك خێزانی رێی دا منداڵه‌كانی ببینێت، ئه‌ویش پارێزه‌ره‌كان ئه‌و بڕیاره‌یان دابوو، چونكه‌ هه‌رسێ پارێزه‌ره‌كه‌ ده‌یانزانی كاوه‌ بۆ منداڵه‌كانی زۆر بێتاقه‌ت بووه‌، ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌و بڕیاره‌ له‌ تامه‌زرۆ بوو بۆ دیداری منداڵه‌كانی و هه‌وڵی دا خۆی بسووتێنێت، پێی گوتین، ماڵی خه‌زوورانم  هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی خۆسووتاندنم بده‌م، هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێسته‌ كاوه‌ گوتی، په‌لاماریان داوم، له‌ پشت باخی گشتی به‌ بۆكس خه‌نجه‌ر لێیان دابوو، شوێنه‌واری پێوه‌ بوو.

"10 ڕۆژ پێش مردنه‌كه‌ی كاوه‌ گوتی ئه‌و كه‌سانه‌ی لێیان داوم ده‌موچاویان هه‌ڵبه‌ستبوو، به‌ سه‌یاره‌ كه‌وتوونه‌ته‌ دوام، پێمان گوت سكاڵا بكه‌، گوتی له‌ كێی بیكه‌م نه‌مناسیون،  پێشتر چه‌ند جار به‌ ئاشكرا ماڵی خه‌زووری لێیان داوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ گومانمان هه‌یه‌ براكه‌مان خۆی خنكاندبێت یان خنكێنرابێت، گومانمان هه‌یه‌ له‌ مردنه‌كه‌ی، داوا له‌ یاسا ده‌كه‌ین و له‌ ڕۆژنامه‌نووسان و هه‌موو كه‌سوكاری شه‌هیدان و برینداران و دۆستانی كاوه‌ و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان، ئه‌مه‌ قبووڵ نه‌كه‌ن و داوا بكه‌ن یاسا سه‌روه‌ر بێت". له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا وا نووسراوه‌.

له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن دوو خوشكی كاوه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، دووپات له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كاوه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هیچ حزب و لایه‌نێك نه‌بووه‌ ته‌واوی ئه‌و قسانه‌ی ناو نامه‌كه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، نامه‌ی براكه‌ی ئێمه‌ نه‌بووه،‌ وه‌ك نووسیومانه‌ كاوه‌ خوێنده‌واری باش نه‌بووه‌ و نه‌یزانیوه‌ بنووسێت و ته‌واوی شته‌كانی ئێسته‌ لای پۆلیسه‌، جگه‌ له‌ مۆبایل و وه‌ره‌قه‌یه‌ك كه‌ ژماره‌ ته‌له‌فۆنی له‌سه‌ره‌، هیچی تری پێ نه‌بووه‌، ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی خۆمانی له‌سه‌ر بووه‌،‌ لێره‌شه‌وه‌ قبووڵی ناكه‌ین له‌ هیچ كه‌س قسه‌ی نه‌شیاو بكات و لێره‌وه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ڵێین كه‌ ده‌ستی هاوكارییان درێژ كردووه‌، پێویست ناكات  كه‌س ده‌ستی هاوكاری بۆ منداڵانی براكه‌م درێژ بكات، چونكه‌ هه‌موو كه‌س ئێمه‌ ده‌ناسێت و براكه‌شم دۆخی دارایی باش بووه‌، پێویستی به‌ هاوكاری كه‌س نه‌بووه‌، منداڵه‌كانیشی له‌مه‌ودوا پێویستییان به‌ هاوكاری كه‌س نییه‌، دایكیشیان ئه‌گه‌ر ناتوانێ به‌خێویان بكات، ئه‌وه‌ بیانداته‌وه‌ به‌خۆمان ئێمه‌ منداڵی خۆمانن و خۆمان به‌خێویان ده‌كه‌ین.

له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌دا واژووی دوو خوشكی كاوه‌ به‌ ناوه‌كانی شنۆ حه‌مه‌‌ئه‌مین ساڵح و ڕۆشنا حه‌مه‌‌ئه‌مین ساڵح هاتووه‌. ته‌رمی كاوه‌ رۆژی یه‌كشه‌م له‌ باخی گشتی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی دۆزرایه‌وه‌، دواتر نامه‌یه‌ك بڵاو بووه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ كاوه‌ به‌ر له‌ خۆكوشتنی ئه‌و نامه‌یه‌ی نووسیوه‌.


وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌