ئه‌مڕۆش دادگای سلێمانی كه‌یسی سێوانی یه‌كلا نه‌كرده‌وه‌

:: PM:01:15:28/07/2020 ‌
ئه‌مڕۆ چوارده‌یه‌مین دانیشتنی كه‌یسی سووتانی سێوان قادر و سێ منداڵه‌كه‌ی له‌ دادگای سلێمانی به‌ڕێوه‌ چوو، به‌پێی  گوته‌ی پارێزه‌ره‌كه‌ی سێوان، دادوه‌ر یه‌ك هه‌فته‌ مۆڵه‌تی داوه‌ به‌ پارێزه‌ره‌كانی هاوسه‌ری سێوان نووسراوی كۆتایی ئاماده‌ بكه‌ن و كۆتایی به‌ كه‌یسه‌كه‌ دێت.
هاوسه‌ری سێوانمان تاوانبار كرد به‌ ماده‌ی 406، واته‌ كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 28ی ته‌مووز، بنار عادل نادر پارێزه‌ری سێوان قادر به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌ دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ پارێزه‌ره‌كانی هاوسه‌ری سێوان نووسراوی كۆتاییان ئاماده‌ نه‌كردبوو كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كۆی ئه‌و دانیشتن و به‌ڵگه‌ و شایه‌تانه‌ی له‌ دادگاییه‌كانی رابردوو هه‌بووه‌، داوای یه‌ك هه‌فته‌ مۆڵه‌تیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی نووسراو ئاماده‌ بكه‌ن.

زیاتر روونی ده‌كاته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌فته‌ی پێشوو ئه‌و نووسراومان له‌ به‌رده‌م دادوه‌ری دادگا خوێنده‌وه‌ و هاوسه‌ری سێوانمان تاوانبار كرد به‌ ماده‌ی 406 به‌شی ز، واته‌ كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست.

"پارێزه‌ره‌كانی هاوسه‌ری سێوان داوایان كرد به‌ڵگه‌ ڤیدیۆییه‌كان له‌سه‌ر سووتانی سێوان قادر كه‌ هه‌ن، له‌ دانیشتنی هه‌فته‌ی داهاتوو كه‌ دوای جه‌ژن ده‌كات و بۆ رۆژی نۆی ئاب دوا خراوه‌، له‌ناو هۆڵی دانیشتنه‌كه‌ به‌ داتاشۆ لێ بدرێنه‌وه‌ و دادوه‌ریش داوای كردووه‌ تا ئه‌وكاته‌ پارێزه‌رانی تۆمه‌تبار نووسراوی كۆتایی ئاماده‌ بكه‌ن و بڕیار ده‌درێت". بنار عادل وای گوت.

پارێزه‌ری سێوان و منداڵه‌كانی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، دادوه‌ر پێی گوتوون له‌ دانیشتنی داهاتوودا وه‌ڵامی ئه‌وه‌یان ده‌درێته‌وه‌ ئایا به‌ڵگه‌ ڤیدیۆییه‌كان لێ ده‌درێنه‌وه‌ یان نا.

ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 2018 له‌ رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیان له‌ شارۆكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، سێوان و سێ منداڵه‌ی سووتان و پێش مردنه‌كه‌ی، سێوان باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌ دیاری هاوسه‌ری ئه‌وانی سووتاندووه‌.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی



وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 269 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌