پێكوتەیەكی ئەمەریكی سەركەوتنی بەدەست هێنا

:: PM:04:13:29/07/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیانی لە هەڵكشانن، هاوكات سەنتەرەكانی توێژینەوە و كۆمپانیاكانی دەرمان و تاقیگەكانیان لە كێبەركێدان بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتە و چارەسەرییەكی بنبڕی پەتاكە، لەو ناوەدا پێكوتەیەكی ئەمەریكی بەردەوامە لە سەركەوتن و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش.
لە ئەیلوول و تشرینی یەكەم یان تشرینی دووەم ئەنجامی دوو پێكوتە دەردەكەون
ئەو پیكوتەی كۆمپانیای "مۆدێرنا"ی ئەمەریكی بە هاریكاری پەیمانەگەكانی تەندروستی نیشتمانی پەرەی پێ دەدات، توانی دوای تاقیكردنەوەی لەسەر ئاژەڵی مەیموون، سەركەوتن بە دەست بێنێت لە دروستكردنی وەڵامدانەوەی بەرگری لە لەشیان و رێگرتن لە زۆربوونی ڤایرۆسەكە لە سییەكان و لووتی ئەو مەیموونانە. 

ئەو پێكوتە ئەمەریكییە یەكێكە لەو دوو پێكوتەی لە رۆژئاوا پەرەی پێ دەدرێت و تاقیكردنەوەكانیان گەیشتوونەتە قۆناغی سێیەم و هەزاران مرۆڤ وەك خۆبەخش بەشداری تیادا دەكەن، لەپاڵ پێكوتەكەی زانكۆی ئۆكسفۆرد، بە هاوكاری تاقیگەكانی "ئەسترا زینیكا".

حكوومەتی ئەمەریكا بڕی ملیارێك دۆلاری وەك پاڵپشتیكردنی پەرەپێدانی پێكوتەی یەكەم تەرخان كردووە و ئەنجامی تاقیكردنەوەكان دەریان خستووە كە حەوت لە كۆی هەشت مەیموون كە پێكوتەكەیان پێ دراوە، لە ماوەی چوار هەفتە، دوای تەنیا دوو رۆژ زۆربوونی ڤایرۆسەكە لە لەشیان بە تایبەتی بوونیان لە لووتی مەیموونەكان تۆمار نەكراوە.

تاقیكردنەوەكان بەردەوامن و تەنیا لە قۆناغی سێیەم دەردەكەوێت كە پێكوتەكانی سەركەوتوون و دەتوانن پارێزی بۆ مرۆڤ دابین بكەن، سەبارەت بە پێكوتەكەی "ئۆكسفۆرد/ ئەسترا زینیكا"ی بەریتانی ئەنجامی كۆتایی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەردەكەوێت و پێكوتە ئەمەریكییەكەیش ئەنجامی كۆتایی لە تشرینی یەكەم یان تشرینی دووەمی داهاتوو دەردەكەوێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل