بۆ یەكەم جار تەرازووی بازرگانیی نێوان توركیا و ئێران بە زیانی تاران لار دەبێتەوە

:: PM:05:00:29/07/2020 ‌
لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا هەناردەی ئێران بۆ توركیا بەراورد بە نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو، بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و قەبارەی ئەمساڵی یەك لەسەر هەشتی ساڵی رابردوویەتی و تەرازووە بازرگانییەكە بە زیانی تاران شكاوەتەوە.

لەو شەش مانگەدا توركیا بە قەبارەی 468 ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە هاوردەی هەبووە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا بە قەبارەی سێ ملیار و 700 ملیۆن دۆلار شتومەكی لە ئێرانەوە هاوردە كردووە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردووەوە توركیا بڕیاری دا چیتر نەوت لە ئێران نەكڕێت، بەڵام لە كڕینی بەرهەمەكانی تر بەردەوام بووە، هەرچەندە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە. توركیا لە سێ مانگی دووەمی ئەمساڵیشەوە هیچ بڕە گازێكی سروشتی لە ئێران هاوردە نەكردووە.

لەمدواییانەدا ئێران رای گەیاند دەستی بە هەناردەكردنی گازی سروشتی بۆ توركیا كردووە. هێڵەكە لە نەورۆزی ئەمساڵ لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان تەقێنرابووەوە.
هەناردەی توركیا بۆ ئێران 843 ملیۆن دۆلار بووە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو 40% كەمی كردووە

هەر لە شەش مانگی رابردوودا هەناردەی توركیا بۆ ئێران 843 ملیۆن دۆلار بووە كە بەراورد بە ساڵی رابردوو 40% كەمی كردووە. یەكەم جارە تەرازووی بازرگانی نێوان ئێران و توركیا بە زیانی تاران شكاوەتەوە.


وشە - سلێمان تاشان