ئەنفالی بارزانییەكان.. زامێكی كراوەی دەستی رەشی بەعس

:: PM:05:59:30/07/2020 ‌

37 ساڵ بەر لە ئێستە و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، رژێمی رووخاوی بەعس هەشت هەزار پیاو و گەنج و منداڵی بارزانییەكانی ئەنفال و بێسەروشوێن كرد، بە شێوەیەك تا ئێستەیش نەتوانراوە روفاتی تەواوی قوربانییەكان بگەڕێندرێنەوە، بەوەیش بە یەكێك لە قێزەوەنترین تاوانی بەعس و زامێكی كراوە دادەنرێت كە رۆڵەكانیان لەبیری ناكەن.
لە بیابانەكانی باشووری عێراق نامرۆڤانە كۆمەڵكوژ كران
لە رێككەوتی، 31ی تەمووزی 1983، حكوومەتی لەناوچووی بەعس لە كۆمەڵگە زۆرەملێكاندا، هەشت هەزار بارزانی بێسەروشوێن كرد و ئەو ساتە بە یەكەم پرۆسەی ئەنفالكردنی گەلی كوردا دادەندرێ كە هەڵمەتەكانی تری ئەنفالی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە ئەم رۆژە بووەتە ڕۆژێكی رەش لە مێژووی گەلەكەمان، كە ڕژێمی بەعس بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە ئەوانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و نامرۆڤانە كۆمەڵكوژی كردن.

رێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان بە "وشە" دەڵێت، بەهۆی نەخۆشی كۆرۆنا و پابەندی بە رێنوێنییەكانی خۆپارێزی و پاراستنی گیان و سەلامەتی كەسوكاری قوربانیان، ئەمساڵ وەك بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان و قایمقامیەتی مێرگەسۆر بە ئامادەبوونی وەزیری شەهیدان بە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم و تەواوی بارزانی و گەلی كوردستان، بێ دروستبوونی جەنجاڵی، یادی جینۆسایدی هەشت هەزار بارزانیمان تەنیا بە دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕی شەهیدان كردەوە.

زیاتر گوتی، لە دوای ساڵی 2003، یەكەمجارە یادی جینۆسایدی بارزانییەكان بەم شێوەیە بە بێ دەنگی بەڕێوە دەچێت، لە كاتێكدا ساڵانە بە شێوەیەكی زۆر بەرفراوان و بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم و سەرۆك حكوومەت و زۆربەی زۆری وەزیرەكان و باڵوێز و بەرپرسانی باڵای عێراق و كوردستان و جیهان بە رێوڕەسم و چاڵاكی جۆراوجۆر یادەكە دەكرایەوە . 

بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان روونی كردەوە، لە كۆی هەشت هەزار پیاو و گەنج و مناڵ و كەسانی بە تەمەن، كە هەموویان لە رەگەزی نێرن بوونە قوربانی،  دوای 37 ساڵ تەنیا 596 روفات گەڕێندراونەتەوە و گۆڕەكەیان لە بارزان دیارە، ئەوانی تر كە زیاتر حەوت هەزار  و 400 روفاتی ترمان لە بیابانەكانی عێراق ماوە و هێشتا نەدۆزراونەتەوە، ئەوەیش خەمێكی تری گەورە و سارێژ نەكراوی ژن و منداڵ و كەسوكاری قوربانیانە . 

ئەو بەرپرسە ئاماژەی كرد، لە پرۆسەی جینۆسایدی بارزانییەكان، تەنیا رەگەزی نێر جینۆساید كراوە، واتە تەنیا پیاوەكان بە گەنج و مێردمناڵ و بە تەمەنەكانیش بوونەتە قوربانی، ئافرەتان نەگیراون، بۆیە زۆربەی كەسوكاری قوربانییەكان ئافرەتن، ئاشكرای كرد، كاری رژد بۆ هێنانەوەی روفاتی ئەوانیتر كراوە، لە مانگی تەمووزی ساڵی پار لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و شاندی هێنانەوی گۆڕە بە كۆمەڵەكان سەردانی بیابانەكانی باشووری عێراقم كرد لە پارێزگەی "سەماوە" لە سێگۆشەی سنووری نێوان سعوودیە و كوێت و عێراق.

"لەوێ گۆڕێكمان هەڵدایەوە و بەدواداچوونی وردمان كرد، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر، دەركەوت سەدان روفات لە گۆڕەكەدا هەیە، دوای پشكنینی پزیشكی دادی عێراق و كوردستان و پشكنینی تری زانستی و ئەكادیمی و هەبوونی جیاوازی لە جلوبەرگ و ناسنامەكان، دەركەوت روفاتەكان هی خەڵكی گەرمیان و پارێزگەی سلێمانین، بۆیە كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی روفاتەكانی تری بارزانییەكان بەردەوامی هەیە و هەموو هەوڵێك دەدەین، بەڵام پێویستیمان بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و تونای دارایی و هیتریش هەیە، هەرچەندە حكوومەتی عێراق گرنگی ئەوتۆی بەم پرۆسەیە نەداوە و بەلایەوە گرنگ نییە"، رێبوار بارزانی وای گوت.

لای خۆیەوە، وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەرچی بە درێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، تەواوی گەلەكەمان تووشی كارەسات و نەهامەتی بووەتەوە، بەڵام دوژمن بەتایبەتی ڕقێكی زۆری بەرانبەر بارزان هەبوو، چونكە وەك مەڵبەندی شۆڕش و بەرپەرچدانەوەی داگیركاری و كانگای ڕێبازی سەربەخۆخوازی، لێی ترساون.

زیاتر گوتی، دوژمن هەشت هەزار بارزانی ئەنفال كرد، بەڵام نەك هەر نەیتوانی ئەو ڕێبازە بشكێنێت، بەڵكوو تا ئێستەیش ئەو ڕێبازە نوێنەرایەتی كوردایەتی دەكات، لەم یادەدا سڵاو لە شێرەژنانی بارزانی و ئەنفالكراوەكان، كە ماوەیەكی درێژ بۆ منداڵەكانیان باوك و دایك بووینە و بەرگەی لەدەستدانی ئازیزان و ئازار و سەختییەكانیان كردووە، روونی كرەوە، لە پەرلەمان بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە پرۆسەی هێنانەوەی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵە كوردییەكان دەكەین و بۆ هێنانەوەی روفاتی بارزانییەكانیش هەوڵی تەواو دەدەین.

كورد بە درێژای مێژوو قوربانی زۆری داوە بە دەستی رژێمی بەعس هەزاران رۆڵەی كورد لە خانەقین تا زاخۆ بوونە قوربانی و چەندانجار كۆمەڵكوژی و زیندەبەچاڵ و ئەنفال و كیمیاباران و سووتانی گوند و راگواستن بەرانبەر بە كورد كراوە.

شارەدێی بارزان لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی مێرگەسۆرە لە پارێزگەی هەولێر، ناوچەیەكی شاخاوییە و 120 كیلۆمەتر لە هەولێر دوورە . 

بارزان/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل