کتێبێکی نوێ لەسەر ژیان و بەرھەم و کەسایەتی- یەکەمین ژنە مێژوونووسی کورد مەستوورەی ئەردەڵان چاپ دەکرێت.
بوخاری وشیار نووسەری کتێبەکە بۆ "وشە" روونی کردەوە لە کتێبەکەیدا باسی لە ژیان و بەرھەمەکانی ئەم خاتوونە ئەدیبە کوردەی سەدەی نۆزدەھەم کردووە و خاسیەتەکانی نووسینی مێژوو و شیعر و کتێبەکانی خراوەتە ڕوو.
وەک زیاتر خستیەڕوو ھەر لەم کتێبەدا باس لە قەسیدەی "مەستوورە"ی نالی شاعیر و پێوەندی ئەم دوو شاعیرە کراوە و چەند باسێکی باسنەکراوی پەیوەست بە مەستوورەی ئەردەڵانی خراونەتە ڕوو.
بەگوتەی بوخاری وشیار خوێنەر لەم کتێبەدا ئاشنای شیعرە فارسی و ھەورامی و سۆرانییەکانی مەستوورە دەبێت و بە توانا و بلیمەتی مەستوورە لە ئەدەبیاتدا ئاشنا دەبێت.
ئەم کتێبە ھەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوی مەستوورەی ئەردەڵان
"مەستوورە یەکێکە لەم خاتوونە کوردە ئەدیبانەی لەسەردەمەکەی خۆیدا پێشەنگ و داھێنانکار بووە و ئەم کتێبە ھەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوی مەستوورەی ئەردەڵان و لەپێناو ون نەبوونی توانای ژنانی کوردە لە ئەدەبیاتدا." بوخاری وشیار وای گوت.
پێویستە بگوترێت کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، لە ناوەندی مەم و زین چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. نووسەری کتێب ئارەزوو دەخوازێت ژنە کوردە ھەڵکەوتووەکانی سەدەکانی ڕابردوو لەبیر نەکرێن و بە زیندوویی لە مێژووی خۆماندا بیانھێڵینەوە و یادیان بکەینەوە.