فراوانخوازییەکانی تورکیا لە لایەک و پلان و هاوپەیمانێتییە سەربازی و ئابوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ نەیارانی تورکیا لە لایەکی تر رێگەی خۆش کردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا جەنگێک لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەڵگیرسێت.
هێڵەکە بە درێژیی هەزار و 900 کیلۆمەترە
هەفتەی رابردوو حکوومەتی ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕی لەسەر راکێشانی هێڵی گاز بۆ قبرس و یۆنان وپاشان بەستنەوەی بە ئەوروپا . هێڵەکە بە درێژیی هەزار و 900 کیلۆمەتر، کێڵگە گازییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بە ئەوروپا گرێ دەدات.
ئەمە بەرهەمی چەند ساڵ دانوستان و رێککەوتنی نێوان سێ وڵاتی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیلە و راکێشانی ئەو هێڵەش شەش ملیار دۆلاری تێ دەچێت.
بلوومبێرگ پێشبینی کردووە ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل ببێتە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی یەکلاکەرەوە لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا.
تورکیا پێی وایە بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ لیبیا ئەنجامی داوە مافی هەیە لە کێلگە گازییەکانی دەریای ناوەڕاست چالاکی هەبێت .
پێوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لەم دواییانەدا زۆر ئاڵۆز بوون
پێوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لەم دواییانەدا زۆر ئاڵۆز بوون و تەنانەت تورکیا لەم دواییانەدا پاڵپشتی زیاتر لە فەلەستینییەکان دەکات و دوای گۆڕینی مۆزەخانەی ئایاسوفیا بۆ مزگەوت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گوتبووی ئەمجارەیان نۆرەی ئازادکردنی مزگەوتی ئەقسایە.
ئەمەریکا پاڵپشتی لە پڕۆژەکەی ئیسرائیل دەکات و ئەمەش بەهۆی ئەو هێڵەیە کە رووسیا بۆ تورکیای راکێشاوە و دەیەوێت رۆڵ بگێڕێت لە دابینکردنی وزەی ئەوروپا. تورکیا لەم پڕۆژەیەدا دەستی باڵای هەبوو بەڵام بە هاتنی پڕۆژەیەکی تر لە هەمان ناوچە رۆڵی تورکیا و رووسیا کەم دەبێتەوە.
بەگوێرەی شەفەقنا رێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ قوبرس و یۆنان هاوراستایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی میسر و فڕەنسا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش. ئەوان لە دەستێوەردانەکانی تورکیا لە لیبیاش نیگەرانن.
ئیسرائیل و یۆنان جگە لەم رێککەوتنە ئابوورییە کۆمەڵێک رێککەوتنی سەربازیشیان لەگەڵ یەکتردا هەیە
ئیسرائیل و یۆنان جگە لەم رێککەوتنە ئابوورییە کۆمەڵێک رێککەوتنی سەربازیشیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و هیزی ئاسمانی ئیسرائیل بە خاوەندارێتی نەوەی پێنجەمی فڕۆکەی F35 تواناکانی خۆی لە ناوچەکە پەرە پێداوە و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشی خستووەتە خزمەتی یۆنانییەکانیەوە.
پێشبینی کراوە ئەم دۆخە هەر وا بەردەوام نەبێت و دواجار تورکیا و ئیسرائیل لەیەکتر هەڵبەزنەوە.