شێخ موزاحم: حه‌شدی شه‌عبی له‌ مووسڵ هه‌مان ره‌فتاری داعش ده‌كه‌ن

شێخ موزاحم ئه‌حمه‌د حوێت گوته‌بێژی هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌ڵێت كه‌ دۆخی مووسڵ نائارامه‌ و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی له‌ رووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دابه‌ش كراوه‌ له‌ نێوان لایه‌نگرانی ئه‌سیل نوجێفی و نه‌وفه‌ل عاگووب، به‌ده‌ر له‌وه‌ش لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی خه‌ریكی تاڵان و گرتن و پاكتاوه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌، ئه‌و له‌ دیمانه‌یه‌كی "وشه‌"دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

*وه‌ك هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، نوێنه‌رایه‌تی چه‌ندی عه‌ره‌بی سوننه‌ ده‌كه‌ن؟، تا چه‌ند ئه‌و راگه‌یاندنانه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ی بۆچوونی شه‌قام و خه‌ڵكی مووسڵ ده‌كات؟.
ئێمه‌ نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌ی هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌ سوننه‌كانی نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ی رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی پارێزگاكه‌ له‌ داعش، بێجگه‌ له‌ رۆڵی دیار له‌ پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی نیشتمانی، ناتوانم ژماره‌ی هۆزه‌كان بژمێرم نه‌ك هه‌ندێكیان له‌یاد بكه‌ین و دواتر گله‌یی بكه‌ن، به‌ڵێ به‌یاننامه‌ و لێدوانه‌كانه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موویانه‌ و زۆر كاریگه‌رن، بۆ نموونه‌ به‌ر له‌ جه‌نگی مووسڵ داوای راپه‌ڕینی خه‌ڵكی شاره‌كه‌مان كرد و كردیان، واته‌ نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ی مووسڵ ده‌كه‌ین، دوور له‌ حزبه‌كان.

*بۆچوونی هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی مووسڵ چییه‌ له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی به‌ هه‌رێمكردنی مووسڵ و دابه‌شكردنی بۆ چه‌ند پارێزگایه‌ك؟ 
سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر دابه‌شكردنی عێراق وه‌ك بژاره‌ له‌ گۆڕێ بێت، له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی عێراقداین، به‌ڵام وه‌ك بژاره‌ی تر پاڵپشتی له‌ هه‌رێمی نه‌ینه‌وا و دابه‌شكردنی بۆ چه‌ند پارێزگایه‌ك ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر شنگال بكرێته‌ پارێزگا و بخرێته‌ سه‌ر كوردستان، چونكه‌ خه‌ڵكی شنگال چیتر نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ند بن، جا نه‌ینه‌وای ئێسته‌ یان به‌غدا، واته‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ببنه‌ پارێزگا، وه‌ك هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ دابه‌شكردن و به‌هه‌رێمكردن و خستنه‌سه‌ری پارێزگای شنگالین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، هه‌مان شتیش بۆ ده‌شتی نه‌ینه‌وا و چوونی بۆ سه‌ر كوردستان ئاسایی ده‌بینین، بۆیه‌ هیچ لارییه‌كمان له‌وباره‌وه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ پاراستنی گیانی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌، چونكه‌ پێشتر هێزه‌كانی مالیكی كه‌ له‌ مووسڵ هه‌ڵاتن چاره‌نووسی خه‌ڵكیان خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

*ئاخۆ پێوه‌ندیی هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا و كوردستان و سه‌ركردایه‌تی كوردستان چۆنه‌؟
وه‌ك هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا پێوه‌ندی مێژووییمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، پێوه‌ندی جۆراوجۆرمان هه‌یه‌ له‌ تێكه‌ڵبوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێوه‌ندی دراوسێتی له‌گه‌ڵ كورد، بێجگه‌ له‌وه‌ ئه‌وكاته‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ لێی قه‌وما به‌هۆی داعشه‌وه‌، بۆ نموونه‌ كه‌ خه‌ڵكی ئه‌نبار روویان له‌ به‌غدا كرد، حكوومه‌تی عێراق ده‌رگه‌ی به‌ ڕوویان داخست، كه‌چی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی بۆ پێشوازیكردنیان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگه‌كانی هه‌رێمی به‌ روویان ده‌ركرد، ئه‌وانه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پێوه‌ندی باشی هه‌ردوولا دێت، بۆیه‌ وه‌ك هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا پێشتر داوامان كرد و رامانگه‌یاند كه‌ تاكه‌كه‌س كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێمه‌ ده‌كات سه‌رۆك بارزانییه‌، كاتێكیش كه‌ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی سه‌ردانی كوردستانی كرد و بارزانی پێشوازی لێ كرد، پێمان وایه‌ كه‌ ئه‌و له‌وه‌دا نوێنه‌رایه‌تی سوننه‌ و هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كانیش ده‌كات، هه‌رچی سه‌رانی سیاسیی سوننه‌یه‌ ئه‌وان به‌ هاوشێوه‌ی ئێمه‌ن كه‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ یان كه‌سێكی دیاریكراو نییه‌ كه‌ بڵێن پێوه‌ی پابه‌ندین و ئه‌وان خه‌ریكی ململانێی یه‌كترن.

*نه‌خشه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی مووسڵ و ئه‌جیندا و به‌رنامه‌ و خواستی هه‌ریه‌كه‌یان چییه‌ بۆ دواڕۆژی پارێزگای نه‌ینه‌وا؟
ئێسته‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی مووسڵ خه‌ڵكانێك هه‌ن پاڵپشتی له‌ ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن و هه‌شیانه‌ پاڵپشتی له‌ نه‌وفه‌ل عاگووب پارێزگاری ئێسته‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك سه‌ربه‌ نوجێفین و لایه‌نگرانی عاگووب ناتوانن بۆی بچن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك ناوچه‌ تایبه‌ته‌ به‌ عاگووب و لایه‌نگرانی نوجێفی ناتوانن بۆی بچن، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێشبینی ده‌كه‌ین مووسڵ به‌ره‌و نادیار و تاریكی ده‌چێت، هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كه‌ین دوای ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ چه‌ندان كێشه‌ی گه‌وره‌تر له‌و پارێزگایه‌ سه‌رهه‌ڵ بدات، به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، بۆیه‌ ئێسته‌ كه‌ به‌شی چه‌پی مووسڵ ئازاده‌ و به‌ری راستیشی خه‌ریكه‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات،  ترسمان له‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌خشه‌ی كارگێڕیی مووسڵ بچێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌جیندای ئێران و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بكرێت و جه‌نگی تایفی پارێزگاكه‌ بگرێته‌وه‌.

*ئاخۆ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌ كرده‌نی له‌ناو سه‌نته‌ری مووسڵدا هه‌ن؟ له‌ كاتێكدا له‌ راگه‌یاندنه‌كان باسی ته‌نیا بوونیان له‌ ته‌له‌عفه‌ر دووپات كراوه‌یه‌؟.
سه‌ره‌تا ئێمه‌ هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ بوونی ئه‌وانمان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ره‌ت كرده‌وه‌، به‌ڵام سه‌رانی سیاسی سوننه‌ ئه‌وان بوون كه‌ به‌ ئاشكرا به‌شداریكردنیان ره‌ت كردنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر واژوویان كرد و خۆیان داوای به‌شداریكردنی حه‌شدی شه‌عبییان له‌ ئازادكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وا كرد، واته‌ ئه‌وان رۆڵی سه‌ره‌كییان له‌وه‌دا هه‌بوو، له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی به‌ری چه‌پی مووسڵ چه‌ندان دروشمی تایفیمان بینی، ده‌شبینین كه‌ پرۆسه‌ی پاكتاو له‌سه‌ر ناسنامه‌ له‌ چه‌ندان ناوچه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌، من یه‌كه‌م جاره‌ باسی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌كه‌م كه‌ نزیكه‌ پێشێلكاری و پاكتاوكردن له‌سه‌ر ناسنامه‌ له‌ مووسڵ ده‌ست پێ بكات، ئێسته‌ لیوایه‌كی سه‌ربه‌ حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی "وه‌عد قه‌دۆ" برای په‌رله‌مانتار حه‌نین قه‌دۆ، خه‌ریكی ئه‌نجامدانی قێزه‌ونترین تاوانن له‌ كوشتن و رفاندن و دزی و تاڵانی و ئه‌و كارانه‌شیان له‌سه‌ر بنه‌مای ناسنامه‌ ده‌كه‌ن.
بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك سه‌ربه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت له‌و ناوچانه‌ سزای ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی سه‌ربه‌ ئه‌سیل نوجێفی بكه‌وێته‌ ده‌ستیان ده‌یگرن، هه‌مان شت له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ندێك له‌ هۆزه‌كانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌كانی "نه‌مروود و شێخان و حه‌مدانییه‌ و ره‌شیدییه‌ و قوبه‌ و شرێخان ره‌شیدییه‌ و گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌بی"، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ به‌چاوی خۆمان ده‌بینین جه‌نگی تایفه‌یی له‌و پارێزگایه‌ ده‌ست پێ ده‌كات به‌هه‌مانشێوه‌ی ساڵانی 2005 و 2006 كه‌ ئه‌وكات گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق سه‌ركردایه‌تی پاكتاوی له‌سه‌ر ناسنامه‌ به‌تایبه‌تی له‌ به‌غدا ده‌كرد، بۆیه‌ هه‌مانشت له‌ مووسڵ ده‌ستی پێ كردووه‌ و خه‌ریكه‌ ده‌بینین و رۆژانه‌ش زانیاریمان پێ ده‌گات له‌باره‌ی كرداری رفاندن و كوشتن له‌لایه‌ن لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی به‌سه‌ركردایه‌تی وه‌عد قه‌دۆ كه‌ سه‌ربه‌ رێكخراوی به‌درن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌ به‌رچاوی حكوومه‌تی عێراق و هێزه‌ ته‌ناهییه‌كانی روو ده‌دات و ئه‌وان بێ ده‌نگن.
وه‌ك هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان و گردبوونه‌وه‌كانی جه‌ماوه‌ری نه‌ینه‌وا و ئه‌وانه‌شی سه‌ربه‌ عه‌مار حه‌كیم و موقته‌دا سه‌درن دژی ئه‌و كارانه‌ین، له‌ به‌رامبه‌ردا ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌ پارێزگاكه‌ هه‌ن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هانی دروستبوونی دووبه‌ره‌كی له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌و پارێزگایه‌ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر كوردێك بچێته‌ مووسڵ و بكه‌وێته‌ ده‌ستی ئه‌و گرووپه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، سزا ده‌درێت و سووكایه‌تی پێ ده‌كرێت و عه‌ره‌بیش به‌هه‌مانشێوه‌، ئه‌وان له‌سه‌ر ناسنامه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، به‌وه‌ش هه‌مان ره‌فتاری داعش دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و ئه‌وان له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانن و ئامانجیان تێكدان و شێواندنی دۆخه‌كه‌یه‌.

*له‌باره‌ی بوونی پرۆسه‌ی تاڵانی له‌ چه‌ند دامه‌زراوه‌ و فه‌رمانگه‌یه‌كی مووسڵ به‌ تایبه‌تی له‌ زانكۆی مووسڵ، ئه‌و هه‌واڵانه‌ تا چه‌ند راستن و كێ ئه‌نجامیان ده‌دات؟.
به‌ڵێ راستن و نه‌ك ته‌نیا له‌ زانكۆی مووسڵ، به‌ڵكو له‌ چه‌ندان ناوچه‌ی شاره‌كه‌ رووی داوه‌ و كاره‌كه‌ له‌ دژی موڵكی گشتی به‌ ته‌نیا نه‌كراوه‌، به‌ڵكو موڵك و ماڵی تایبه‌تی هاووڵاتییانیشی گرتووه‌ته‌وه‌، تا ئێسته‌ دیار نییه‌ كێ ئه‌و كارانه‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌پێی زانیاریی دووپات كراوه‌، ئه‌ندامانی لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵده‌ستن به‌ دزین و تاڵانی گه‌ڕه‌كه‌كانی ئازادكراو، له‌وانه‌ش زانكۆی مووسڵ، ئه‌وان مه‌به‌ستیان بڵاوكردنه‌وه‌ی پشێوی و نانه‌وه‌ی فیتنه‌ی تایفی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كانیان.

*ئه‌و زانیارییانه‌ی باس له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵا و نووسینی دروشمی تایفی له‌سه‌ر دیوار و مزگه‌وته‌كانی مووسڵ ده‌كه‌ن، تا چه‌ند راستن و كاریگه‌رییان بۆ سه‌ر دۆخی شاره‌كه‌ چییه‌؟
ئه‌وانه‌ له‌ناو مووسڵ ده‌بینرێت و مه‌به‌ستیش لێیان ته‌واو تایفییه‌، له‌وكاته‌ی پێویسته‌ شوێنه‌ ئاینییه‌كان به‌ جیاوازییانه‌وه‌ رێزیان لێ بگیرێت، به‌ڵام به‌ چاوی خۆمان نیشانه‌كانی تایفیمان بینی كه‌ چۆن هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر نووسراوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ مزگه‌وتی گه‌وره‌ی مووسڵ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نووسیویانه‌ "ده‌وڵه‌تی ئیمام عه‌لی ده‌مێنێت"، به‌وه‌دا ده‌زانین دوای نه‌مانی داعش روو له‌ جه‌نگی تر ده‌كه‌ین، له‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی كه‌ قسه‌ به‌ زمانێكی تایفی ده‌كه‌ن و ئه‌وان بریتین له‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی و هیتریش، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانی روودانی فیتنه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ مووسڵ ده‌كرێت و ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسی و په‌رله‌مانتارانی مووسڵیش هه‌ر ئه‌وانن كه‌ مووسڵ ده‌خه‌نه‌وه‌ ناو جه‌نگێكی تر، جه‌نگێك بریتییه‌ له‌وه‌ی وه‌ك هاووڵاتییه‌ك پارێزگاری له‌ ماڵی خۆت بكه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر دز و ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ بتكوژن یان به‌بێ تاوان گیراوی.

*له‌ سایه‌ی ئه‌وه‌ی باس كرا ئاخۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ بۆ دواڕۆژی سیاسی و كارگێڕیی پارێزگای مووسڵ؟.
وه‌ك هۆزه‌كانی عه‌ره‌بی نه‌ینه‌وا پێشتر حه‌شدی شه‌عبیمان ره‌ت كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌ هاتن بۆ مووسڵ سه‌ركۆنه‌ی كاره‌كه‌مان كرد و ده‌مانزانی كه‌ ئه‌وان تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌چنه‌ ناو بابه‌تی تر بێجگه‌ له‌ ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ و ئێسته‌ش رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و هێزه‌ تایفییه‌ به‌ روونی ده‌بینین، به‌تایبه‌تی لیوای 30 قێزه‌وه‌نترین تاوان ئه‌نجام ده‌دات، بۆیه‌ له‌ به‌رچاومانه‌ كه‌ مووسڵ به‌ كۆتا هاتووه‌ و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌چنه‌ ناوییه‌وه‌ و باره‌گای خۆیانی لێ ده‌كه‌نه‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌به‌نه‌ ناو جه‌نگێكی تایفی، بێجگه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ شیعه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ی له‌ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار و ناوچه‌كانی تر كردیان، ئێسته‌ له‌ مووسڵ خه‌ڵكانێك هه‌ن ده‌ڵێن كه‌ چیتر سوننه‌ نیم و ده‌بمه‌ شیعه‌، چونكه‌ ئێمه‌یان له‌ داعش رزگار كرد و ئه‌وه‌ش خراپتر ده‌بێت و ئه‌و پرۆسه‌ش ده‌ستی پێ كردووه‌ و مه‌به‌سته‌كه‌ش هی ئێران و مالیكی و به‌شێك له‌ گرووپه‌كانی شیعه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی مووسڵ رێگه‌یان لێ نه‌گرێت، ره‌نگه‌ سه‌ركه‌وتوو بن تیایدا.

*له‌باره‌ی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌دا، بوونی ئه‌وان به‌ پاڵپشتی كێیه‌ و سوودیان چییه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ و هه‌ڵوێستی ئێوه‌ و مووسڵاوییه‌كانی چییه‌ له‌وباره‌وه‌؟.
پارتی كرێكارانی كوردستان تاوانبار ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی داعش چوونه‌ته‌ ناو په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش، پێشتر بوونی په‌كه‌كه‌مان له‌ چیای شنگال ره‌ت كرده‌وه‌، رازی نابین به‌ مانه‌وه‌یان له‌وێ، وه‌ك هێزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان داوای ده‌رچوونی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن و ئێسته‌ش له‌ چیای شنگالن و چه‌ندان تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ كوشتن و رفاندن به‌ تایبه‌تی ئافره‌تان و سووتاندنی خانووی هاووڵاتییان و ره‌فتاره‌كانیشیان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایفی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، واته‌ هه‌مان ره‌فتاره‌كانی داعش و حه‌شدی شه‌عبی دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و هاوئامانجن و هاوكارن و به‌غداش پاڵپشتییان ده‌كات و مووچه‌یان ده‌دات.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


AM:10:38:12/02/2017




ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌